پێنج سەد ماڵ چاوەڕێی بنکەیەکی تەندروستی دەکەن

میدیازان – سەعید محەمەد – خەبات

گوندی گاینج بە ٥٠٠ ماڵەوە چەند ساڵە چاوەڕێی تاقە بنکەیەکی تەندروستین و هیچیان بۆ نەکراوە.

گاینج لەسنووری قەزای خەباتە لەپارێزگای هەولێر، خەڵکەکەی دەڵێن بەو قەرەباڵغییەوە بنکەیەکی تەندروستیان پێ رەوا نابینن.

شەمسەدین حاجی عمر قادر، کە نوێنەرایەتیی گوندی گاینج دەکات بە میدیازانی راگەیاند: گوندی گاینج نزیکەی ٥٠٠ خێزانە و نزیکەی ٢٦٠٠ کەسە، هاووڵاتییان بۆ چارەسەر سەردانی ناحییەی گەورگۆسک دەکەن.

بە پێی وتەی شەمسەدین حاجی عومەر، داواکاریی زۆریان بۆ ئەو بنکەیە پێشکەش کردووە و ئێستاش پێیان وتراوە رێکخراوێکی ئەمەریکی بڕیاری داوە بۆیان دروست  بکات، بەڵام وردەکارییەکەی نازانن.

گوندەکە لە ساڵی ٢٠١١دا بڕیاری دروستکردنی قوتابخانەیەکی نۆ پۆلیشی بۆ دەرچوو، بەڵام لەوکاتەوە بە هۆکاری جیاجیا ئیشکردنی تیایدا وەستاوە، هەرچەندە ئێستا دەست بە کارکردن کراوەتەوە و نزیکی تەواوبوونە.

د. هێرش سەعید، بەرێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندورستیی خەبات بە میدیازانی وت: “لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ نووسراومان کردووە بۆ کردنەوەی بنکەی تەندورستی لە گوندی گاینج، بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردن و وەڵام نەدراوینەتەوە.”

“لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ نووسراومان کردووە بۆ کردنەوەی بنکەی تەندورستی لە گوندی گاینج، بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردن و وەڵام نەدراوینەتەوە.”

بەرێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندورستیی خەبات