لە مەهاباد
گەرما و کەمیی ئاو سەدان ماسییان لەناوبرد
964+
شۆڕش قادری
بەهۆی گەرما و کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکان، سەدان ماسی لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناوچوون.
بە پێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، لە رووباری گوندی کەوتەرەی سەر بە شاری مەهاباد لە پارێزگای ورمێ، سەدان ماسی لەناوچوون و بە رێژەیەکی زۆریش مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.
فاروق سلێمانی، بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی مەهاباد رایگەیاندووە، “لەم وەرزەدا و کاتێک ئاو کەم دەبێتەوە و لە شوێنێک کۆدەبێتەوە و ناڕوات، رێژەی ئۆکسیجن کەم دەبێتەوە، بۆیە ئەگەری زۆرە هەر ئەوەش هۆکاری لەناوچوونی ماسییەکان بێت”.
دەشڵێت، “لەبەر ئەوەی تا ئێستا لە ناو رووبارەکەدا ماسی زیندووی تێدا ماوە، پێناچێت ژەهر کرابێتە نێو رووبارەکە و ئەو بۆچوونە رەتکراوەیە”.