غازی بە گران فرۆشتووە بۆیە دوکانەکەیان پێداخست
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
ئەمڕۆ لە ناحیەی تەکیەی کاکەمەند لە قەزای چەمچەماڵ، دوکانێکی غازفرۆشیی ماڵان داخرا، بەهۆی ئەوەی بە گران فرۆشتوویەتی.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی تەکیەی کاکەمەند دوکانەکەیان پێداخستووە.
لەوبارەیەوە، مەمەد دارەوان، بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیەی کاکەمەند بە تۆڕی 964ـی وت، لە ناحیەکەیان حەوت بریکاری فرۆشتنی غازی ماڵان هەیە و نرخی هەر بۆتڵێک ئێستا هەشت هەزار و 500 دینارە و هەرکەسێکیش لەو نرخە گرانتر بیفڕۆشێت سزا دەدرێت و مۆڵەتی فرۆشتنی لێوەردەگیرێتەوە.
هەر لەسەر ئەم بابەتە، حەسەن محەمەد، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی سووتەمەنی لە قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی 964ـی وت، ئەم غازفرۆشانەی ناحیەی تەکیەی کاکەمەند مۆڵەتی فرۆشتنی غازیان نییە و ئەوان لەگەڵ بریکارەکان مامەڵە دەکەن.
ناحیەی تەکیەی کاکەمەند دەکەوێتە قەزای چەمچەماڵ و ژمارەی دانیشتوانی نزیکی 15 هەزار کەسە.