80 پڕۆژە وەستاون
بەڵێندەرانی هەڵەبجە: پڕۆژەکانی پترۆدۆلار بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان گواسترایەوە
+964
ئەحمەد مستەفا
بڕیار وابوو، 80 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە ساڵی 2012 وە لەسەر پارەی پترۆ دۆلار لە هەڵەبجە جێبەجێ بکرێ، بەڵام زۆرینەیان کارکردن تێیاندا وەستا و قەیرانی دارایی بە هۆکاری هێنرایەوە.
تازە بە تازە، بەڵێندەرانی هەڵەبجە دەڵێن، پرۆژەكانی “پترۆدۆلار” لە شارەکە بۆ سەر بودجەی “پەرەپێدانی پارێزگاكان” گواسترایەوە.
بۆ قسەکانی بەڵێندەرانی هەڵەبجە پشتیان بەنوسراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەستووە، کە واژۆی ئومێدی سەباح سەرۆکی دیوانی لەسەرە، دەڵێت؛
یەکەم: گواستنەوەی پڕۆژەکانی بودجەی (پترۆدۆلار) کە تەواو نەکراون بۆ سەر بودجەی (پەرەپێدانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان) یاخود (وەبەرهێنانی پارێزگاکان) بەپێی سێکتەری پڕۆژەکان.
دووەم: هاوبەشی لەنێوان (وەزارەتی دارایی، وەزارەتی پلاندانان، سەرۆکی دیوان و فەرمانگەی بەدواداچوون) رێکارەکانی خاڵی یەکەم ئەنجامبدەن بە گوێرەی توانای دارایی حکومەت و رەجاوکردنی یاسا و رێنماییەکان.
یەکێتی بەڵێندەرانی هەڵەبجە ئەمڕۆ پێنجشەممە 15.8.2024، ؛لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “له پاش هەوڵەكانى يەکێتى بەڵێندەرانى كوردستان ئەنجومەنى وەزيران بڕيارى دا پرۆژەکانى پترۆدۆلار بۆسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاكان بگوازێتەوه، کە زۆرترين پرۆژەى پارێزگاى هەڵەبجه به هۆى ئەوەى له سەر ئەو بودجەيه بوون راگيرابوون”.
پێشتر، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی 2012، لیژنەیەکی بۆ ئامادەکردنی 80 پڕۆژە و دیزاینکردنی بۆ پرۆژەکانی هەڵەبجە پێکهێنا، کۆکردنەوەی دەرخستەکانیان دروست کرا، بڕیار وابوو ئەو پارەیە لە ماوەی 18مانگدا بخرێتە سەر میزانیەی پڕۆژەکان، بەڵام بەشێکیان کاریان تێدا نەکراو و ئەوانی دیکەش بەهۆی پارەدار نەکردنەوە کارکردنی تێیاندا راگیران.