زۆری نەماوە بەنداوەکانی دهۆک ببن بە شەش دانە

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك دوو به‌نداوى ته‌واونه‌كراو هه‌ن، یه‌كه‌میان له‌ سنوورى قه‌زاى ئامێدیە و دووه‌میان له‌ سنوورى قه‌زاى سێمێلە، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌نداوه‌كانى دهۆك دەڵێت “ته‌نیا له‌ سنوورى ئامێدی به‌هۆى دوو به‌نداوه‌وه‌ ده‌توانرێت هه‌شت ملیۆن لیتر ئاو گلبدرێته‌وه‌”.

ئەندازیار فەرهاد محەمەد، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌نداوه‌كانى دهۆك به‌ تۆڕى 964ـى وت، به‌ بڕیارێكی سه‌رۆكى حكومه‌ت ته‌واوى ئه‌و به‌نداوانه‌ى كاره‌كانيان وەستاوە تەواو دەکرێن، کە دوو دانە بەنداوی سنووری دهۆکیشیان تیادایە.

به‌پێی زانیارییه‌كانى تۆڕى 964، به‌نداوى سبنە دوو لە ئامێدی، یه‌كێكه‌ له‌و به‌نداوانه‌ى سنوورى پارێزگاى دهۆك كه‌ له‌ ساڵى 2014 ده‌ست به‌كاركردن تێیدا كراوه‌ و 40% ى كاره‌كانى ته‌واو بووه‌، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى دارایی ماوه‌ى نۆ ساڵه‌ كاركردن تێیدا وه‌ستاوه‌.

به‌پێی قسه‌كانى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌، به‌نداوى گه‌لى به‌نداوه‌ له‌ قه‌زاى سمێلیش تەواو دەکرێت و کارەکانی دەستپێدەکاتەوە.

بە تەواوکردنی ئەو دوو بەنداوە، ژمارەی بەنداوەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک  دەگاتە شەش دانە، ئەوە جگە لە زیاتر لە 50 پۆندی ئاو.