لە کەرکوک
هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆیی سەر زەوییەکان دەستی پێکردووە
964+
ژێوار خدر
لیژنەی زیادەڕۆیی شارەوانی کەرکوک هەڵمەتێکی بۆ نەهێشتنی زەوییە زیادەڕۆییەکانی گەڕەکی سەیادە دەست پێکرد، رێگری لە هەر کەسێک دەکەن کە بیەوێت بە شێوەیەکی نایاسایی خانوو لەسەر زەوییەکان بکات یان کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکات.
عەدنان حەمە شکور، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی کەرکوک بە 964ـی وت، ماوەیەک لەمەو پێش ئەو زەویانە وەک قەرەبوو بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش کران و کەوتوونەتە ناوچەکانی سەیادە و کۆبانێ، بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانە لە دەرەوەی شارن و دوورن لە چاوی هاوڵاتییان، کۆمەڵێک کەس خۆیان دەکەن بە خاوەنی زەوییەکان و بەشێوەیەکی نایاسایی کڕین و فرۆشتنییان پێوەدەکەن.
وتیشی، ئێمە لەلایەن قایمقامیەت، شارەوانی و پۆلیسەوە لیژنەیەکمان پێک هێناوە، بۆ رێگری کردن و لادانی زیادەڕۆییەکان، چونکە زۆرجار ئەو کەسانە دەیانەوێ خانوو لەسەر زەوییەکان دروست بکەن و هێڵکاری و دیواریش دروست دەکەن، بەڵام ئێمە ریگرییان لێ دەکەین و تێکیان دەدەینەوە.
”جگە لەوەی لیژنەکانمان بەردەوام چاودێری ئەو ناوچانە دەکەن، زۆر جاریش لەلایەن هاوڵاتییانەوە ئاگادار دەکرێینەوە لە هەبوونی زیادەڕۆیی.” عەدنان حەمە شکور وای وت.
بەپێی لێدوانی بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی کەرکوک، هەر کەسێک سەرپێچی ئەنجام بدات لەلایەن لیژنەکانەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر و دەکرێ بە پێبژاردن یان دەستگیر کردن سزا بدرێت.