هۆشداری بۆ حكومه‌ت دووپاتده‌كه‌نه‌وه‌

سبه‌ى وانه‌بێژانى پشده‌ر قسه‌یان ده‌بێت “نامانه‌وێت ئه‌مساڵیش خوێندن بەڕێبکه‌ين”

964+

محه‌مه‌د عه‌لى – پشده‌ر

وانه‌بێژانى سنوورى قه‌زاى پشده‌ر ده‌یانه‌وێت سبه‌ى گردببنه‌وه‌ و به‌یاننامه‌یه‌ك بخوێننه‌وه‌، له‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یدا هه‌م هۆشدارى ده‌ده‌نه‌ حكومه‌ت و هه‌میش نایانه‌وێت وه‌ك رابردوو، ساڵى نوێى خوێندن به‌ڕێبكه‌ن.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى له‌لای نوێنه‌رایه‌تى ده‌سته‌ى مامۆستایانى وانه‌بێژى پشده‌ر هه‌یه‌ زیاتر لە هه‌زار مامۆستای وانەبێژ لەو سنووره‌كه‌یانن.

هێمن عەلی، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە پشدەر به‌ 964ـى وت، سبه‌ى كۆده‌بنه‌وه‌ و هه‌ڵوێستى نوێى خۆیان بۆ ساڵى نوێى خوێندن ئاشكرا ده‌كه‌ن.

وتیشی “پێویستە پێش دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن وەڵامی داواکاریەکەمان بدرێتەوە کە بریتیە لە دامەزراندنی سەرجەم وانەبێژان و گرفتەکانمان چارەسەر بکرێن”.

ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات،‌ ئه‌وان نایانه‌وێت ‎بە هیچ شێوەیەک ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوو رویداوە، دووبارەى بكه‌نه‌وه‌ و زیان بەر پڕۆسەی خوێندن بکەوێت “به‌ڵام لە ئەگەری پشتگوێخستنی داواکاریەکانمان، چیتر ناوەستین و بێدەنگ نابین لە سبه‌ینێوه‌ دەست بە چالاكى و ناڕەزایەتیەڪانمان ده‌كه‌ینه‌وه‌”.

داواش لە هه‌ردوو سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان و عێراق ده‌كات، كه‌ داواکاری دامەزراندنی وانەبێژانیان بەدەست گەیشتوە، پێویستە پێش دەستپێکی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ مژدەی دامەزراندن بده‌نە مامۆستایانی وانەبێژ.

سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ، وەزیری پەروەردەى هه‌رێم، بە نوسراوی ژمارە (1) له‌ رێكه‌وتى 7.1.2024 بریاری دامەزراندنی وانەبێژانى ده‌ركرد، دواتریش ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جێبەجێکردنی داواکاریەکانی مامۆستایانى وانه‌بێژى بەستەوە بە پەسەندکردنی بودجەی عێراق.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران داوای بەهەمیشەییکردنی وا...

ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران داوای بەهەمیشەییکردنی وانەبێژان دەکات