سێ ناوچەی کاریان هەیە
کێبڵەکانی ژێرزەوی چاکسازیی کارەبای لە دوکان دواخستووە
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
ماوەی دوو مانگ دەبێت، بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای دوكان سەرقاڵی چاكسازییە لە تۆڕی روناككەرەوەی قەزاكە و بەرپرسی هۆبەی رووناككەرەوەكانی دوكانیش دەڵێت، “هۆكاری دواكەوتنمان لە چاكسازییەكە، رزینی كێبڵەكانی ژێرزەوی بووە”.
چاكسازییەكە جگە لە ناوبازاڕی دوكان، دوكانی سەرەوە و رێگای قەمچوغەشی گرتووەتەوە، سەرجەم تۆڕی رووناكی قەزاكە چاكسازی تێدا كراوە.
لە بارەی كاروبارەكانیان لە ماوەی چاكسازی رووناككەرەوەكان، ئەمڕۆ دووشەممە 12.8.2024، عومەر عارف، بەرپرسی هۆبەی رووناككەرەوەكانی دوكان بە 964ی وت، “ماوەی دوو مانگ بە تیمێكی پێنج كەسی، بەشەو و رۆژ، كارمان لە تۆڕەكە كردووە و ئێستا ناوبازاڕی قەزاكە بە تەواوی رووناككراوەتەوە”.
ئەوەی لە چاكسازییەكە دەستی ئەوانی زیاتر گرتبوو، رزینی كێبڵەكانی ژێر زەویی بوو، ئەوەشی وت، “كە بەهۆی ئاودانی درەختەكانی ناوەڕاستی شەقامەکان و ئاوی باراناوەوە، بەشێكی زۆری كێبڵەكان رزیی بوون و گرفتی گەورەی بۆ دروست كردبووین”.
“ماوەی ساڵ و نیوێك دەبوو تۆڕی رووناكی قەزاكە چاكسازی تێدا نەكرابوو، بە كۆی هەر سێ ناوچەی كارەكەمان 150 رووناككەرەوەمان گۆڕیوە، تێچووی چاكسازییەكەش 11ملیۆن و 755 هەزار دینارە، لەسەر ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای دوكان بووە”، عومەر عارف وای وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا