هەتا گەرما تەواو دەبێت

“دەبێت ئیشپێکەرى مۆلیدەکان شوێنى حەوانەوەیان لاى مۆلیدەکانیان بێت”

964+

ئەمەل ناجی — ھەڵەبجە

گلەیى و ناڕەزایەتى دانیشتوانى ناحیەى سیروان لە دژى درەنگ هەڵکردنى مۆلیدەکان شوێنى خۆى گرت و بڕیاردرا تا تەواو بوونى وەرزى گەرما، ئیشپێکەرى مۆلیدەکان شوێنى حەوانەوەیان لاى مۆلیدەکانیان بێت.

ھێمن حەمە حسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان بە 964ـى وت،” کاتی پێدانی کارەبای نیشتیمانی لە ناحیەکەماندا دیاریکراوە و خاوەن مۆلیدەکانیش دەزانن کەی کارەبا دێتەوە و کەی دەکوژێتەوە، بەڵام ھەندێک جار لە شەواندا دواى کوژرانەوەى کارەباى نیستمانی درەنگ ئیش بە مۆلیدەکان دەکرێت و ئەمەش بووەتە ھۆی گلەیی دانیشتوانى ناحیەکەمان”.

گلەییەکانى خەڵک لاى ئیدارەى شارەکە بە هەند وەرگیرا، وەک هێمن حەمە حسێن دەڵێت، بڕیاریانداوە هەتا وەرزی گەرما تەواو دەبێت، پێویستە ئیشپێکەری مۆلیدەکان لە شوێنی حەوانەوەی خۆیان کە لەناو مۆلیدەکاندایە، بمێننەوە بۆ ئەوەی لە کاتى کوژانەوەى کارەباى نیشتمانى بە زووترین کات کارەباى مۆلیدە بدرێتە هاوڵاتیان.

لە ناحیەى سیروانى سەر بە پارێزگاى هەڵەبجە، تەنیا چوار مۆلیدەى ئەهلى بوونیان هەیە، وەک بەڕێوەبەرى ناحیەکەش باسى دەکات، هەموویان شوێنى حەوانەوەیان تێدایە بۆ ئەو کەسانەى ئیشپێکەرن.

ناحیەى سیروان سەر بە قەزاى هەڵەبجەى پارێزگاى هەڵەبجەیە و هاوسنوورە لەگەڵ هەردوو ناحیەى خورماڵ و بیارە و 67 گوند بەسەریەوەیەتى.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لە سەیدسادق ئەو مۆلیدەیەى زوو زوو دەشکا بڕیارى گۆڕینى ...

لە سەیدسادق ئەو مۆلیدەیەى زوو زوو دەشکا بڕیارى گۆڕینى درا