نرخی کارەبای سیتییەکان کەمکرایەوە
+964
دیلان محەمەد- سلێمانی
ئەمڕۆ لیژنەیەکی تایبەتمەند بە کارەبای مۆلیدەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون کۆبۆوە و نرخی ھەر کیلۆواتێکی بۆ 400 دینار دابەزاند
سیروان محەمەد وتەبێژەی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی964ـی وت، ئەمڕۆ لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەبا، لەسەر دیاریکردنی نرخی کارەبای سیتییەکان کۆبووەوە و نرخی کیلۆواتێک کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵی بە 400 دینار دەستنیشانکرد.
کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی لەسەر دەستنیشانکردنی نرخەکە دوای گلەیی و گازاندەی دانیشتووانی ئەو یەکە نیشتەجێبووانە بوو کە داوای دەستنیشانکردنی نرخیان کردبوو کە پێشتر نرخەکە 450 دینار بوو.
وتەبێژی کارەبای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، نرخەکە لەسەر بنەمای نرخی گازوایل لە بازاڕ دەستنیشانکراوە.
تاریق سەمین سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەھلیەکان بە تۆڕی 964 ی ڕاگەیاند، بەپێی بەرز و نزمی نرخی گاز لیژنەیەکی تایبەتمەند ھەڵدەستن بە دانانی نرخ بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دووجۆر کارەبای مۆلیدەیان هەیە، سیستمێکیان پریپەیدە و خاوەن ماڵ و یەکە نیشتەجێبووەکان کارتی کارەبا دەکڕنم ئەوەی دووەمیشیان هاوشێوەی گەڕەکەکانە و لە کۆتایی مانگ پارەکە کۆدەکرێتەوە.