کشتوکاڵیش دەڵێت جارێ زووە
جوتیارانی برادۆست داوا دەکەن بەرهەمی دەرەکی قەدەغە بکرێت
964+
ژێوار خدر
جوتیارانی دەڤەری برادۆست داوا دەکەن هاوردەی بەرهەمی دەرەکی قەدەغە بکرێت، بۆ ئەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکانی خۆیان ساغ بکرێتەوە و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سیدەکانیش دەڵێت، جارێ زووە و هێشتا بەرهەمی ناوخۆ پێنەگەیشتووە.
عەبدولرەحمان مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سیدەکان بە 964ـی وت، هەموو ساڵێک هاوردە کردنی بەرهەمی دەرەوە قەدەغە دەکرێت، بەڵام هێشتا زووە بۆ قەدەغە کردنی چونکە لە دوا 15ەی ئابەوە بەرهەمی ناوخۆیی قەزاکە پێدەگات و ئەگەر لە ئێستاوە بەرهەمی دەرەکی قەدەغە بکرێت، کاریگەری لەسەر نرخی سەوزە و میوە دەبێت و نرخەکان زۆر بەرز دەبنەوە چونکە بەرهەم کەمە و پێداویستی خەڵک پڕ ناکاتەوە.
وتیشی، بڕیاری قەدەغەی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی، لە دەستی وەزارەتی کشتوکاڵە و لە دەستی ئێمە نیە و ساڵانەش لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ ئەو بڕیارە دەدرێت.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سیدەکان دەڵێت، ساڵانە زۆرترین بەرهەم کە لە قەزاکەیان بەرهەم دەهێندرێت بەرهەمی تەماتەیە و جگە لەوەی پێداویستی ناوخۆ پر دەکاتەوە دەشنێردرێت بۆ پارێزگاکانی خواروی عێراق.
لە سنووری قەزای سیدەکان سەروی 2500 جوتیار و بەخێوکەری ئاژەڵ و هەنگ هەن، بەهۆی ئەوەی خاکەکەی بەپیتە ساڵانە بڕیکی زۆری بەرهەمی سەوزە و میوەی گەرێمی کوردستان لەو ناوچەیە بەرهەم دەهێندرێت.