لە دیوانییە دەستگیر كرا

خۆی كردبووە ئەفسەر و بەرتیلی لە خەڵك وەردەگرت


ئەرسەلان عەبدوڵا

كابرایەك لە شاری دیوانییە خۆی لە خەڵكی كردووە بە ئەفسەر و بە فرتوفێڵ و بەبیانووی راییكردنی مامەڵەكانیان، پارەی بە بەرتیل لێوەرگرتوون.

ئاژانسی هەواڵگریی عێراق ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، ئەو كەسەیان دەستگیر كردووە و دانیشی بە تاوانەكەشیدا ناوە.

ئاژانسەكە راگەیاندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و كۆپییەكی بۆ 964 ناردووە، كە تێیدا هاتووە، شانەكانی هەواڵگری كەسێكیان دەستگیر كردووە، كە خۆی وەك “ئەفسەرێكی باڵای وەزارەتی ناوخۆ” ناساندووە و هاوڵاتیانی لە پارێزگای نەجەف هەڵخەڵەتاندووە و بەرامبەر بەڵێنی جێبەجێكردنی مامەڵەكانیان، پارەی لێوەرگرتوون.

كابرای قۆڵبەستكراو لە لێكۆڵینەوەدا دانی بەوەداناوە كە ژمارەیەك خەڵكی هەڵخەڵەتاندووە و پارەی بەرامبەر جێبەجێكردنی كارەكانیان لێوەرگرتوون.

هەواڵگری عێراق دەڵێت، ئەو كەسە رادەستی لایەنی پەیوەندیدار دەكرێت بۆ ئەوەی بە سزای یاسایی خۆی بگات.