سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان:

“دەبێت رێگە لە دروستبوونی گوتاری رق و كینە و نكۆڵیكردن بگیرێت”

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە بارەی لێدوانێكی قاسم شەشۆ فەرماندەیی هێزەکانی شنگال بەرامبەر بە ئایینی ئیسلام هاتەدەنگ و رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرپرسن لە بەدواداچوون و لێپرسینەوەی یاسایی.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئێوارەی هەینی 9.8،.2024 لە بارەی لێدوانێکی قاسم شەشۆ، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی شنگال، كە لە بۆنەیەكدا بەرامبەر بە ئایینی ئیسلام كردبوونی و دواتر كاردانەوە و سكاڵای بەدواداهات، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە کە پێشێلکاریی بەرامبەر بیروباوەڕ و ئایینەکان سەرکۆنە دەکەن.

لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، “هه‌ڵه‌ى كه‌سێك له‌ هه‌ر ئایینێك بێت، نابێ به‌ هه‌ڵه‌ى هه‌موو په‌یڕه‌وانى ئایینه‌كه له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت، بۆیه‌ ده‌بێ هەموو لایەك پابەندی كولتووری یەكتر قبووڵكردن و لێبوردەیی و پێكەوەژیان بن.”

هەروەها هاتووە، “دەبێت رێگە لە دروستبوونی گوتاری رق و كینە و نكۆڵیكردن بگیرێت.”

سەرۆكایەتی هەرێم دەڵێت، “لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرپرسن لە بەدواداچوون و لێپرسینەوەی یاسایی، هەموو لایەكیش دڵنیا دەكەینه‌وه‌ هەرێمی كوردستان بۆ هەمیشە وەك نموونەی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و برایەتی دەمێنێتەوە”.

هەروەها رایگەیاندووە: “هیچ پاساوێك بۆ نانەوەی ئاڵۆزی و پشێوی و دروستكردنی هەڕەشە بۆ سەر هاوڵاتیان و  پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیییەكانی كوردستان قبوڵ ناكرێت.”
لە رۆژانی رابردوو قاسم شەشۆ فەرماندەیی هێزەکانی شنگال لە یادی تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر شنگال و ئێزیدییەكان، لە مەزارگەی شەرەفەدین رۆژى 3.8.2024 لهو گرته‌ ڤیدیۆییەكدا دەردەكەوێت و ده‌ڵێت “تا محەمەد و ئایینەكەی مابێت، هێرش و فەرمانەكان بۆ سەر ئێزیدییەكان بەردەوام دەبن”.
ئەم قسانە كاردانەوەی گەورە و فراوانی لێكەوتەوە و هەریەكە لە وەزارەتی ئەوقاف و دەیان لایەنی دیكە سكاڵای یاساییان لەسەر شەشۆ تۆمار كردووە.

نزیكه‌ى 10 داواى یاسایی رووبه‌ڕووى قاسم شه‌شۆ ده‌كرێ...

نزیكه‌ى 10 داواى یاسایی رووبه‌ڕووى قاسم شه‌شۆ ده‌كرێنه‌وه‌‌