
پاسێكی گواستنەوە لە سلێمانی. فۆتۆ: 964
داوای دامەزراندنی هێڵێکی پاس بۆ تێرمیناڵی سلێمانی دەکرێت
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
بەهۆی دوورییەکەیەوە لە سەنتەری شاری سلێمانییەوە، داوای دامەزراندنی هێڵێکی پاسی تایبەت بە تێرمیناڵە نوێيەکەی سلێمانی دەکرێت.
تێرمیناڵی نوێی سلێمانی نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری شارەکەوە دوورە و کەوتووەتە سەر رێگەی سلێمانی – تاسڵوجە.
خەدیجە عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی بە تۆڕی964ـی وت: گواستنەوەی تێرمیناڵی سلێمانی بارگرانی زۆری بۆ خەڵک دروستکردووە
بە پێی بەدواداچوونی تۆڕی964، ئەو هاوڵاتییانەی لە پارێزگای هەڵەبجە و شارەزوور و گەرمیان و بەشێکی زۆری ناوشاری سلێمانیش، کە بیانەوێت سەفەر بکەن بۆ هەولێر و کەرکوک و شارەکانی تر، بۆ ئەوەی بگەنە تێرمیناڵە نوێیەکە دەبێت کرێیەکی زۆر بدەن بە تاکسی کە دەگاتە 10 هەزار دینار.
“بۆ کەمکردنەوەی ئەو قورساییە لەسەر هاوڵاتیان، داوام لە شارەوانی سلێمانی کردووە هێڵێکی پاسی نوێ بۆ تێرمیناڵەکە دابمەزرێنن نرخی گواستنەوەش هەزار دینار بێت” خەدیجە عەبدولجەبار وای وت.