ناحیەی زینانە داوای بەهاناوەچون دەکات

وشكبوونى چه‌مى ئاوه‌سپی سه‌دان بێچووه‌ ماسی له‌ناوبردووه‌

964+

سیروان خورشید – دوزخوماتوو

ئه‌مساڵ به‌هۆى وشكبوونى چه‌مى ئاوه‌سپی له‌ ناوچه‌ى داوده‌، سه‌دان بێچووه‌ ماسی له‌ناوچوون و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى زینانه‌ش داواى به‌هاناوه‌چوون ده‌كات.

ساڵانە لەوەرزی هاویندا بەهۆی نەبوونی بەنداوەوە، چەمەکانی ناوچەی داودە وشک دەبن، جگە لە دروستبوونى كێشه‌و گرفت بۆ جوتیاران، بە سەدان بێچووەماسی لەناو دەچن.

وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زینانە بە964ـی وت، ئەوان ئاگاداری ئەو بابەتەن و هەوڵیانداوە بۆ چارەسەرکردنی، بەڵام تا ئێستا به‌ هیچ ئەنجامێک نه‌گه‌یشتوون.

وتیشی، “ساڵانە لە مانگه‌كانی تەمموز و ئابدا، بەشی بەنداوەکانی کفری ئاگاداردەکەنەوە کە بەشێکی ئاوەکە بەربدەنەوە، بەڵام ئەمساڵ به‌هۆى كێشه‌یه‌ك له‌ قوفڵی به‌نداوه‌كه‌ چاک نەکراوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی لەناوچونی سه‌دان بێچووە ماسی”.

ئاماژە بەوەش دەکات بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە ئاوییەکانی گەرمیانیشیان ئاگادارکردووەتەوە لەسەر دۆخەکە، بەڵام کەس بەهانایانەوە نەهاتووە و له‌ رێگه‌ى 964 یشه‌وه‌ داواى كرد دەنگیان بگاتە لایەنه‌ پەیوەندیدار، بۆ ئه‌وه‌ى بەهانایەنەوە بچن.

چەمی ئاوەسپی لە ناوچەی داودەی سنوری خورماتوو، زیاتر لە 40 گوند لەخۆ دەگرێت، ساڵانە لە وەرزی هاوین و گەرمادا دووچاری کەمئاوی دەبنەوە

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

رووبارى ئاوه‌سپی قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت بۆ شوشتنه‌وه‌ى...

رووبارى ئاوه‌سپی قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت بۆ شوشتنه‌وه‌ى مه‌ڕوماڵات