لێی پاڵدەنەوە.. بایەعی سێ مانگ چاوەڕێتانە
964+
توانا نەقی
بەشە خۆراکی سێ مانگ ئامادەیە بۆ دابەشکردنی بەسەر هاوڵاتییان، بریکارەکانیش داوادەکەن هاوڵاتییان بڕۆن بەشە خۆراکەکەیان وەرگرن.
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بازرگانی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر بە تۆڕی964ـی راگەیاند: دەستکراوە بە دابەشکردنی بەشە خۆراکی ئەم مانگە، هەروەها بەشی سێ مانگیش برنج و رۆن لە کۆگاکاندا هەیە.
“”ساڵی پار، 11 بەشە خۆراک بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشکرا، بۆ ئەمساڵ ئەگەر بەوشێوەیە بەردەوام بێت ئەوا بەشە خۆراکی هیچ مانگێک نافەوتێت”. دلێر عەبدولواحید وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کە کوالێتی خۆراکەکان سەرجەمیان “باشە” و زۆرینەی چێشتخانەکان ئەو مادانە بەکاردەهێنن کە لە بایەعی دەدرێت.
بە قسەی بەڕێوەبەری بازرگانی هەولێر بێت، بریکارەکانی خۆراک گلەیی ئەوەیان پێداون کە هاوڵاتییان سەردانیان ناکەن بۆ وەرگرتنی بایەعی، ئەمەش وایکردووە خۆراکێکی زۆر لەلای بریکارەکان بمێنێتەوە”.
“بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی خۆراک دروستکردووە، بۆیە هاوڵاتییان دەتوانن بەو بەشە خۆراکەی بۆیان دێت زۆر پێویستیان بە بازاڕ نەبێت”دلێر عەبدولواحید وادەڵێت.
جێی باسە ساڵانە حکومەتی عێراق بودجە بۆ کڕینی بەشە خۆراک و ئارد دابین دەکات، بەڵام هیچ ساڵێک هاوڵاتییان هەر 12 بەشە خۆراکەکەی وەرنەگرتووە.