بیست هەزار شوقەکە خاوەنی نوسینگەکانی خانوبەرە دەنێرێتە ماڵەوە

سۆسیال میدیا

میدیازان – دیلان محەممەد –سلێمانی

چارەکی سێیەم و چوارەمی ئەمساڵ خراپترین ماوەیە کە کەرتی خانووبەرە لە سلێمانی بەخۆوەی بینیوە، هەموو خاوەن نوسینگەکانی خانووبەرە کۆکن لەسەر ئەوەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی زۆر سست بووە و هەندێکیان پاشەکشە بە رێژەی ٪٥٠ دەخەمڵێنن.

بەشێک لەخاوەن نوسینگەکانی خانووبەرە بەهۆی کەمی مامەڵەی کڕین و فرۆشتن دوکانەکانیان دادەخەن، خاوەنی نوسینگەیەکش دەڵێت پێشتر ئەگەر لە مانگێکدا ١٠ مامەڵەی کردبێت ئێستا تەنیا ٥ مامەڵە دەکات.

رێباز محەممەد خاوەنی نوسینگەی خانوو و زەوی بە میدیازانی وت، هۆکاری سستی بازاڕی خانوبەرە بۆ چەند لایەنێک دەگەڕێتەوە وەک زیاد بوونی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و دۆخی سیاسی عێراق.

مانگی ئایاری ئەمساڵ حکومەت دروستکردنی ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کەمدەرامەتان راگەیاند، دوای تەنیا دوو مانگ ١٢٠ هەزار کەس فۆرمیان بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانە پڕکردەوە، ئێستا زیاتر لەو ژمارەیە چاوەڕێی وەرگرتنی ئەو شوقانەن و مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانوو زەوی ناکەن.

سۆران تاڵیب، خاوەنی نوسینگەی خانوو و زەوی بە میدیازانی وت، بازاڕ لە رۆژی ١ی تشرینی یەکەمەوە خراپیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و چەندین کەس لەوانەی نوسینگەیان ھەیە پەیوەندی دەکەن و کرێی دووکانەکانی خۆیان پێنادرێت، بۆیە دووکانەکانیان دادەخەن.

بە وتەی سۆران تاڵیب، دوای تەواوبوونی ئەو پرۆژانە جموجۆڵ دروست دەبێتەوە لە بازاڕدا، هەموو ساڵێک لە مانگی حوزەیران بۆ ئەیلول بازاڕ زۆر باشە و دوای ئەوە بازاڕ دادەبەزێت.