لە ھەڵەبجە
بەھۆی نەبوونی مۆڵەتی خۆپاراستنەوە دوو بارھەڵگر سزادران
964+
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ یەكشەممە 4.8.2024، لە لایەن لیژنەکانی قایمقامیەتی ھەڵەبجەوە، دوو بارھەڵگر کە ساردەمەنییان فرۆشتووە و مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستی ھەڵەبجەیان نەبووە، سزا دران و دەست بەسەر ئەو خۆراکانەشدا گیرا، کە بۆ دروستکردنی ساردەمەنییەکان بەکاردەھێنران.
فەلاح نامیق، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەت بە 964 ی راگەیاند: لە بازگەی زەمەقی دەست بەسەر دوو بارھەڵگردا گیرا كە ساردەمەنییان دەفرۆشت و جگە لەوەی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی ھەڵەبجەیان پێنەبوو، ئەو خۆراکانەشی کە بۆ دروستکردنی ساردەمەنییەکان بەکاریاندەھێنا، رێكەوتی بەسەرچوونیان پێوە نەبوو، هەروەها بەشێک لە کەرەستەکانیشیان ژەنگیان پێوە بووە، بۆیە خاوەنی ھەردوو بارھەڵگرەکە سزا دراون و رووبەڕووی یاساش دەکرێنەوە.
بە وتەی فەلاح نامیق، لە چەند رۆژی رابردوودا چەند کەیسێکی سکچوون و رشانەوەی منداڵان رەوانەی نەخۆشخانەکانی ھەڵەبجە کراون، کە بە وتەی کەسوکاریان لەو ساردەمەنیانەیان خواردووە، کە ئەو جۆرە بارھەڵگرانە دەیانفرۆشن.