100 بارهەڵگر لە بازگەی موسڵ وەستاون
چوار رۆژە لە بازگەکانی عێراق رێگری لە دەیان بارەهەڵگری بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم دەکرێت
+964
هیڤی دێوالی – دهۆک
نزیکەی چوار رۆژە لە بازگەی موسڵ، رێگری لە بارهەڵگرەکانی هەرێمی کورستان دەکرێت، بەرهەمە ناوخۆییەکانیان بگەیەننە پارێزگاکانی عێراق، بە بیانووی ئەوەی مۆڵەتی عێراقیان نییە و مۆڵەتی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە دانی پێدانانرێت.
نزیکەی 100 بارهەڵگر لە بازگەی موسڵ وەستاون، سەرۆکی ژووری بازرگانی دهۆکیش دەڵێت، ئەمڕۆ بارهەڵگرەکانی هەرێمی کوردستان زۆر زەرەرمەند بوون بەهۆی وەستانیان لە بازگەکان بەهۆی ئەوەی ئەو کەلوپەلانەی پێیانە خواردنە و بەشێکی بەهۆی وەستان لە گەرمادا تێک دەچێت.
ئەمڕۆ شەممە 2024.8.3، بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی حکومەتی عێراق، ژمارەیەکی زۆر لە بارهەڵگرەکانی هەرێم لە بازگەی موسڵ راگیراون، کاڵاکانیان پێکهاتوون لە ”ساردەمەنی، شەربەت، شیرینی و چپس” ئێستا هەندێک لە بارهەڵگرەکان گەڕاونەتەوە بۆ کارگەکانیان و بەشێکیشیان لەوێ ماونەتەوە.
شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی پارێزگای دهۆک بە 964ـى وت، تا ئێستا هۆکاری وەستانی بارهەڵگرەکانی هەرێمی کوردستان روون نییە، چونکە حکومەتی عێراق دەڵێت، پێویستە بارهەڵگرەکان مۆڵەتی عێراقیان هەبێت و ئەوان دان بە مۆڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نانێن.
وتیشی، ئێمە وەک هەرێمی کوردستان ئەوە قبوڵ ناکەین و پێویستە مۆڵەتی هەرێمی کوردستانیش دانی پێدابنرێت، بۆیە لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەداین.
“سەرۆکایەتی ژووری بازرگانی پارێزگەکانی دهۆک، هەولێر ، سلێمانی و هەڵەبجە لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لەگەڵ ژووری بازرگانی حکومەتی عێراق”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەرێکەوتی 5.7.2024 کووبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەنجامداوە و سەرۆکایەتی ژوورئ بازرگانی و پیشەسازی پارێزگاکان، لەسەر بابەتی دانانی دوو بازگە یەکێکیان “بازگەی موسڵ” لەبەنداوی موسڵ و ئەوەی دیکەشیان لەبازگەی ”باوە مەحمودە” لەخانەقین، تەنیا لە رێگای ئەو دوو بازگەیەوە دەتوانن داخلی سنووری پارێزگاکانی عێراق و ناوەراست ببن.
روونیشیکردەوە، ئەو بارهەڵگرانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دێن، هیچ کێشەیەکیان نییە و لەدەروازە سنووریەکانی “ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئومەران” داخل دەبن، تەنیا سەیری مۆڵەتەکانیان دەکرێت و بە بەخشینی 45 هەزار دینار رێگە بە گواستنەوەی بارەکانیان دەدرێت بۆ سنووری پارێزگاکانی عێراق، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بارهەڵگرەکانی هەرێمی کوردستان رێگەیان پێنادرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی