"جینۆساید ناساندنی وەک پێویست نییە"

مافی مرۆڤ: مرۆڤایەتی بیریبێت کچان و ژنانی ئێزدی هێشتا نەگەڕاونەتەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کورددتان پێی وایە، “لە ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵەکان وەک پێویست نین بۆ بەجینۆساید ناساندنی کەیسی شەنگال”.

لە پەیامی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژی شەنگالدا ئەمڕۆ 3.8.2024 دەستەکە دەشڵێت، “بیری مرۆڤایەتی دەهێننەوە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە کچان و ژنانی رفێنراوی ئێزیدی هێشتا نەگەڕاونەتەوە”.

ئەوەشی وتووە، “هێشتا خەڵکی شەنگال و ئاوارەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و بتوانن بەئارامی ژیانی خۆیان بەسەر ببەن و هێشتا شارو گوندەکانیان ئاوەدان نەکراونەتەوە، جێگەی نیگەرانی هەموولایەکە کە تائێستا رێککەوتنی شەنگال جێ بەجێ نەکراوە”.

رۆژی 3.8.2014، قەزای شەنگال، کۆچۆ و گوندەکانی دیکە کە کوردانی ئێزدیی تێیدا نیشتەجێن، بە هێرش و داگیرکاری “چەکدارانی رێکخراوی داعش”، رووبەڕووی هێرش بوونەوە و رۆژێکی پڕ مەترسیی و ئاوارەبوونیان بەڕێکرد.

کوردانی ئێزدیی رۆژی یەکەم، ئەوانەی توانیبوویان خۆیان رزگار بکەن چیای شەنگال پەناگەی یەکەمیان بوو، بەشێکی دیکەیان خۆیان گەیاندبووە رۆژئاوای کوردستان، ئەوانەشی لەسەر چیاکە مابوونەوە، دوای کرانەوەی دەرچەی رزگاربوون هێنرانە شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.

دۆخەکە بەوەوە نەوەستا، بەشێک لە کوردانی ئێزدی نیشەجێی ناو ماڵ و کەمپەکان کران لە دهۆک، هەولێر و سلێمانی، بەڵام بەدەر نەبوو لەوەی زیاتر لە 100 هەزار کەسییان ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاوا بوون.

سەرجەم ئەو کەسانەی ئاوارە بوون زیاتر لە 325 هەزار کوردی ئێزدیی بوو، بەپێی ئاماری نوسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدیی کە سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە، “بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون”.

10 ساڵ بەسەر داگیرکردنى شەنگال و کۆمەڵکوژیى ئێزدییەکان...

10 ساڵ بەسەر داگیرکردنى شەنگال و کۆمەڵکوژیى ئێزدییەکاندا تێدەپەڕێت