79٪ـی خەڵک پێوەری ئاویان بەستووە

+964

فەرمان سادق

وەزارەتی شارەوانی دەڵێ، 79٪ـی هاوبەشان پێوەری ئاویان بەستووە، لەم کابینەیەش 34٪ـی هاوبەشان زیادی کردووە.

وەزارەتی شارەوانی ئاماری چوار ساڵی کابینەی نۆیەمی لە بەستنی پێوەری ئاو راگەیاند.

بەقسەی وەزارەتی شارەوانی بێت، لەو چوار ساڵە رێژەی 34٪ ژمارەی هاوبەشان زیادی کردووە.

“لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێژەی بەستنی پێوەری ئاوی خواردنەوە لە 45% بۆ 79% بەرزبووەتەوە و پێشبینی دەكرێت لە ماوەی یەك ساڵی تردا ئەو رێژەیە زیاتر بەرز ببێتەوە”. لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی شارەوانی هاتووە.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت: بەراورد بە ساڵانی 2018-2019 بەستنی پێوەری ئاو زیادی كردووە كە ئەوكات هاوبەشانی ئاو بە رێژەی 45 % پێوەریان بەستابوو، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە بۆ 79% بەرزبووەتەوە و پێشبینی دەكەین لە ماوەی ساڵێكی تردا ئەو رێژەیە بەرزتر بێتەوە.

زیاتر وتی “نزیكەی 760 هەزار هاوبەشمان هەبوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە یەك ملیۆن و شەست و پێنج هەزار هاوبەش”.