زیانى گیانى نەبووە
ئاگر لە وێستگەى کارەباى چەمچەماڵ کەوتەوە
964+
دیلان محەمەد- سلێمانى
کەمێک لەمەوبەر، ئاگر لە وێستەى کارەباى چەمچەماڵ کەوتەوە و تیمەکان سەرقاڵى کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکەن.
رەمەک رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ بە 964ـى وت،”کەمێک لەمەوبەر لە وێستگەی کارەبای چەمچەمال ئاگر کەوتوەتەوە”.
باسی لەوەکرد، ئاگرەکە پەیوەندی بە تۆرباین و کارەباوە نییە و کارەبا پەکى ناکەوێت، بەڵکو لە چێشتخانەی وێستگەکە تانکەرێک غازی بەتاڵکردوەتەوە بۆ چێشتخانەکە و بتڵەکە ئاگری گرتوە.
وەک ئەوەى باسى دەکات، ئێستا تیمەکانى بەرگرى شارستانى سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
ئاشکراشى کرد، بەهۆی روداوەکە زیانی گیانى نەبووە.
وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانی، کە دەکەوێتە نێوان تەکیە و چەمچەماڵ، کارەباى چەمچەماڵ بەرهەمدەهێنێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح