"گومان دەکرێت داعش بن"

ژمارەیەک چەکدار سەنگەرێکی چۆڵکراوی پێشمەرگە وەک مۆڵگە بەکاردەهێنن

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لە ناوچەی داودەی ناحیەی نەوجول، سێ سەنگەری پێشمەرگە کە ماوەی ساڵێکە چۆڵ کراون، گومان دەکرێ یەکێک لە سەنگەرەکان بووبێت بە موڵگەی “ژمارەیەک چەکدار”، خەڵک و شوانکارەکان ئەوانیان بینیوە و پێشمەرگەش زۆر لە ناوچەکەوە دوور نین.

ناوچه‌ی داوده‌، سنووری ناحیه‌ی نه‌وجولی نێوان قەزای کفری و دوزخورماتوو ده‌گرێته‌وه‌، ئەو ناوچە دواین سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لێیە و دواتر سوپای عێراق دۆسیەی ئەمنی ناوچەکەی بەدەستەوەیە.

عەفان عەبدوڵا، شوانکارەیە لە ناوچەی ناڵەشکێن بە 964ـی وت، “رۆژانە بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیان روو لەو ناوچایە دەکەن، بەڵام نیگەرانن لەوەی کە ماوەیەکە چەکداری نەناسراو دەبینن، چەند سەنگەرێکی چۆڵکراوی هێزەکانی پێشمەرگە بووەتە کێشە بۆیان و رۆژانە ژمارەیەک چەکداری نەناسراو تێیدا کۆدەبنەوە”.

ئەو شوانکارەیە پێی وایە سەنگەرەکان بوون بە مۆڵگە و وتی، “چەکدارەکان وەکو حەشارگە بەکاری دەھێنن، داواکارین سەنگەرەکان بەتەواوی تێکبدرێت و تەخت بکرێن بۆ ئەوەی چیتر چەکداری تێدا کۆنەبێتەوە”.

964 پەیوەندی کرد بە حەمە چەوری، فەرماندەی لیوای 731ـی هێزەکانی پێشمەرگە لەسنووری زینانە ئەو بە964ـی وت، “سێ سەنگەریان لەو ناوچەیە چۆڵکردووە، کە پێشتر بۆ چاودێری کردن و پاراستنی ناوچەکە لە چەکدارانی داعش بەکاریان هێناوە، بەڵام قەڵایەکی گەورەتریان لە نزیک زینانە دروستکردووە وەک بەدیل و پێشمەرگەی تێدا جێگیرکراوە”.

ئەو بەبێ ئاماژەدان بە چالاکی و کاتەکانیان وتی، “بەردەوام پێشمەرگە بە هەماهەنگی سوپای عێراق کێوماڵی ناوچەکە دەکەن، گومان لە هەر کەسێک یان گروپێک بکرێت، لەناویان دەبەین”، ناوچەی داودە سنوورێکی بەرفراوانە و زیاتر لە 50 گوندی لەسەرە، بەشێک لەگوندەکان کەوتوونەتە بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا