قایمقامى سلێمانى
“ئەگەر هەواڵى ئاگرەکەم بیست وەک شێت رۆشتم بۆ گۆیژە”
964+
دیلان محەمەد- سلێمانى
تائێستا زیانەکانى سووتانى گۆیژە نەزانراون، بەرگرى شارستانى و پوش و پاوانى سلێمانى سەرقاڵى دیاریکردنى زیانەکانن، قایمقامى شارەکەش دەڵێت، سووتانى گۆیژە یەکێک لە رووداوە ناخۆشەکانى ژیانى بووە.
بەرەبەیانى رۆژى دووشەممە، 29.7.2024 ئاگرێکى گەورە لە شاخى گۆیژەى سلێمانى کەوتەوە نزیکەى 200 دۆنم پوش و پەڵاش و دارستانى سوتاند و دواتریش چەند جارێکى دیکە ئاگر دروستبووەوە.
تائێستا هۆکارى ئاگرەکەى گۆیژە دیار نییە
ئاوان محەمەد قایمقامى سلێمانى بە 964ـى وت،تائێستا زیانەکانى ئاگرەکەى گۆیژە نەزانراوە، ئەوەى هەیە رووبەرێکى فراوان سووتاوە کە دارى بچووک و گەورە لەخۆى دەگرێت.
ئەو باس لەوە دەکات، زۆر هەوڵیانداوە گۆیژە لە سووتان بپارێزن وەک دەڵێت،تیمەکانیان بەردەوام سەردانى گۆیژەیان کردووە و رێگەیان نەداوە ئاگر بکرێتەوە.
“سووتانى گۆیژە یەکێک لە رووداوە ناخۆشەکانى ژیانم بووە، ئەو شەوەى هەواڵەکەیان پێدام وەک شێت سوارى سەرەیارەکەم بووم و هاتم بۆ گۆیژە، چونکە زۆر زەحمەتى بە سەوزکردنى گۆیژەوە کێشراوە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح