وەزیرى کار وەڵام دەداتەوە
دابەشکردنى زەوى کەمئەندامان دەگرێتەوە؟
964+
سیروان خورشید- کفرى
وەزارەتى کار داواى لە وەزارەتى شارەوانى کردووە، لە فۆڕمى دابەشکردنى زەوى خاڵى زیاتر بدەن بە فەرمانبەرى کەمئەندام، بۆ تۆمارکردنى کەمئەندامى نوێش سەرەتاى مانگى هەشت وەزیرى کار دەچێتە بەغدا.
کوێستان محەمەد، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی هەرێم بە 964ـى وت، “ئەوەى یەکلابووەتەوە ئەوەیە ئەو 13 هەزار و 120 کەمئەندامەى پشکنینیان بۆ کراوە، دواى بڕینى رێکارەکان رەوانەى بەغدا کراون و خراونەتە لیستى موچە.
دەشڵێت، سەرەتاى مانگى هەشت، دەچێتە بەغدا و یەکێک لەو بابەتانەش کە لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى فیدراڵى گفتوگۆى دەکات، پرسى تۆمارکردنى کەمئەندامى نوێیە.
لە بارەى دابەشکردنى زەوى بەسەر کەمئەندامانیشدا، وەزیرى کار باسى لەوە کرد، داوایان لە وەزارەتى شارەوانى کردووە کە لە دابەشکرنى فۆڕمى وەرگرتنى زەویدا، خاڵى زیاتر بە کەمئەندامان بدرێت.
وەک باسى دەکات، نووسراویشیان بۆ ئەنجومەنى وەزیران کردووە دابەشکرنى زەوى کەمئەندامانیش بگرێتەوە.
وەزیرى کار بۆ کردنەوەى هەردوو سەنتەری ئۆتیزم و سەنتەری راهێنانی پیشەیی سەردانى کفرى کرد ئاشکراشى کرد، لە داهاتویەکی نزیکدا لە هەر یەک لەقەزاکانی خانەقین و کۆیەو شەقڵاوەو ئامێدی و ئاکرێ، سەنتەری راهێنانی پیشەیی دەکرێتەوە.
بە پێی بەدواداچونەکانی 964 لە قەزای کفری نزیکەی 50 نەخۆشى ئۆتیزم هەیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح