"ئاگرێکى گەورە لە غابات کەوتووەتەوە و لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە"

قایمقامییەتى قەڵادزێ داواى بەهاناوەچوون دەکات

964+

وریا فەتاح

ئاگرێکى گەورە لە غاباتى قەڵادزێ کەوتووەتەوە و قایمقامییەتى شارەکەش داواى بەهاناوەچوون لەو کەسانە دەکات کە تانکەرى ئاویان هەیە و دەڵێت، بچن بەدەم تیمەکانى بەرگرى شارستانى چونکە ئاگرەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە.

لە ئاگادارییەکدا قایمقامییەتى قەڵادزێ رایگەیاندووە، لە ئێستادا لە  غاباتی قەڵادزێ ئاگر کەوتۆتەوە و سەرجەم تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەى ئاگرەکەن.

دەشڵێت، بەهۆی بەربڵاوى و  رەشەباوە ئاگرەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە، بۆیە داوا لە هەموو ئەوکەسانە دەکەن کە خاوەن تانکەرى ئاون، بەدەم تیمەکانى بەرگرى شارستانییەوە بچن و هاوکاریان بن.

964 پەیوەندى بە بنکەى قەڵادزێوەکرد، یەکێک لە کارمەندانى بنکەکە وەڵامى دایەوە و وتى،”ئێستا سەرقاڵى کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکەین، بەهۆى رەشەباوە کوژاندنەوەى قورسە”.

وتیشى،”ئاگر کەوتووەتە ناو سنەوبەرەکان، جگە لە پوشوپەڵاش ژمارەیەک دارسنەوبەریشى سووتاندووە”.

ئەو کارمەندە کە سەرقاڵى کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە بوو، باسى لەوەکرد دواتر بەرگرى شارستانى راپەڕین ئامارى زەرەر و زیانەکان دەخاتەڕوو.