بە دۆنم زەوییان بەخشیوە

جوتیاران هاوکاری پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ دەکەن

+964

توانا نەقی

جوتیارانی سنووری ئاغجەلەر و تەکیە هاوکاری جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ دەکەن و چەندین دۆنم زەوییان داوە بە پرۆژەکە.

لەسەرداوای قایمقامی چەمچەماڵ و بەهۆی پەرۆشییان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە جوتیارانی گوندی گۆپتەپە و قشڵاخ و قولەڕەش کە پرۆژەکە دەکەوێتە سنووری زەوییەکانیان، زەوی پێویستیان خستە خزمەتی پرۆژەکەوە.

جوتیارەکان لە نێوان دوو دۆنم بۆ 12 دۆنم بە پێی ئەو زەویانەی دەکەوێتە سنووری پرۆژەکەوە بەخشیویانە و ئیدارەی قەزاکەش دەڵێت، بە پێی یاسا قەرەبوویان دەکەینەوە.

رەمەک رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، لە 30.6.2024 زەوی بۆ کۆمپانیای ئابیکا تەرخانکرا کە جێبەجێکاری پرۆژەکەیە، ئێستا 12 جوتیار ئەو مەساحە زەوییەیان بەخشیوەتە پرۆژەکە.

وتیشی، “ئەوەندە هەوڵماندا ئەوەندە گەڕاین و لە دەرگای بەرپرسانماندا تاوەکو ئەم پرۆژە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێستا ئەو جوتیارانەش لە پەرۆشییان بۆ پرۆژەکە ئەو کارەیان کردووە”.

پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە سێ حەوزی گەورەی ئاو پێکدێت، دەبێت لە ماوەی 730 رۆژدا تەواو ببێت و یەکێکە لەو پرۆژانەی کە تێچوویەکی زۆری هەیە کە دەگاتە 78 ملیۆن و 150 هەزار دۆلار.

"پێویستە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە كاتی خۆیدا تەواو بكرێت"