بزانە چی كردووە؟
تۆمەتبارێكی “زۆر سەیر” لە زاخۆ دەستگیر كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بە قسەی پۆلیسی زاخۆ، كابرایەك یەك ئۆتۆمبێلی هەیە و چەند جارێك فرۆشتویەتی، بەڵام هیچ جارێك ئۆتۆمبێلەكەی بە فرۆشیارەكان نەداوە و خۆی لێ دزیونەتەوە، ئێستاش دەستگیركراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.
تۆمەتبارەكە زۆر مەعلان بووە و چەند جار پارەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكەی وەرگرتووە، بەڵام ئۆتۆمبێلەكە هەر لای خۆیەتی، تا ئەو كاتەی پۆلیس لەسەر سكاڵای كڕیارێك دەستگیریان كرد.
پۆلیسی زاخۆ لە ڤیدیۆیەكدا، كە ئەمشەو بڵاویان كردەوە، زانیارییان لەسەر ئەم بابەتە داوە، رائید ئەحمەد رەمەزان بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی زاخۆ دەڵێت: تۆمەتبارەكە ناوی (أ.ق. ت) و پێشینەی تاوانی فێڵبازیی هەیە، لە لایەن بنكەی پۆلیسی كارێز بە تۆمەتی فرۆشتنی یەك ئۆتۆمبێل بە چەند كەسێك دەستگیر كراوە، بەبێ ئەوەی ئۆتۆمبێلەكە بە هیچ یەك لە كڕیارەكانی بدات.
هەروەها ئەكرەم ئەسعەد، ئەفسەری بنكەی پۆلیسی كارێز هەر لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت و دەڵێت: دوای سكاڵای هاوڵاتییەك لەسەر تۆمەتبار، دەستمان بە لێكۆڵێنەوە كرد و دەستگیرمان كرد، كە دیارە پێشتریش لەسەر تاوانی دیكە دادگایی كراوە.
هەروەها وتی، تۆمەتبار براوەتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە و دانی بە تاوانەكەیدا ناوە، ئێستاش بە ماددەی 458 لە یاسای سزادان، لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.