بۆ ئەوەى پێدانى زەوى کەمئەندامانیش بگرێتەوە
وەزارەتى کار چاوەڕێى وەڵامى ئەنجومەنى وەزیرانە
964+
وریا فەتاح
نزیکەى دوو مانگە وەزارەتى کار چاوەڕێى وەڵامى ئەنجومەنى وەزیرانە بۆ ئەوەى بڕیارى دابەشکردنى زەوى کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیش بگرێتەوە.
بەپێى نوسراوێکى وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى کە وێنەیەکى تایبەت بە 964 نێردراوە، لە رۆژى 9.6.2024ـەوە، بە واژۆى کوێستان محەمەد، وەزیرى کار، نوسراوێک ئاراستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کراوە کە تێیدا داوا کراوە کە رەزامەندى بدەن لەسەر دابینکردنى زەوى بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.
لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە لەبەر خراپى رەوشى ژیان و گوزەرانیان، تایبەتمەندى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەبەرچاو بگیرێت.
لەبارەى وەڵامى نوسراوەکە، 964 لە رێگەى ماسنجەرەوە نامەى بۆ ئاریان ئەحمەد، وتەبێژى وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى نارد، ئەو لە وەڵامدا وتى،”نەخێر وەڵامى نوسراوەکە نەدراوەتەوە”.
بڕیارى دابەشکردنى زەوى هەموو فەرمانبەرانى مەدەنى و سەربازى و هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ دەگرێتەوە.
رۆژى 31.5.2024، رێنمایی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاوكرایەوە و روونکراوەتەوە کە کێن ئەوانەى سودمەند دەبن لە وەرگرتنى زەوی یان سودمەند نابن.
لە رێنماییەکەدا، لە هیچ بڕگەیەکدا باسى کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان نەکراوە و دابەشکردنى زەوى نایانگرێتەوە.
ژمارەى خاوەن پێداویستە تایبەتەکان چەندە؟
بەگوێرەی دواین ئامار کە دەگەڕێتەوە بۆ مانگى ئایارى 2023، کۆى گشتى ئەوانەی لە هەرێمى کوردستان وەک خاوەن پێداویستی تایبەت موچە وەردەگرن، 77 هەزار و 65 کەسن، لەو ژمارەیە 71 هەزار و 303 کەسیان، خاوەن پێداویستی ئاساین و پێنج هەزار و 762 کەسیان فەرمانبەرن.
لە هەرێمى کوردستان، زۆرترین ژمارەى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کەوتونەتە پارێزگاى هەولێر کە ژمارەیان 23 هەزار و 357 کەسە، لە سلیمانیش 20 هەزار و 267 کەسە، پارێزگاى دهۆک پلەى سێیەمى گرتووە و 13 هەزار و 345 خاوەن پێداویستى تایبەت لەو پارێزگایە هەیە، لە هەڵەبجەش دوو هەزار و 427 کەمئەندام لە لیستى موچەدا تۆمارکراون.
لەسەر ئاستى ئیدارە سەربەخۆکان، زۆرترین خاوەن پێداویستى تایبەت دەکەوێتە گەرمیان و ژمارەیان پێنج هەزار و 429 کەسە و کەمترینى دەکەوێتە ئیدارەى زاخۆ کە ژمارەیان سێ هەزار و 176 خاوەن پێداویستى تایبەتە، لە سۆرانیش چوار هەزار و 535 خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە و لە ئیدارەى راپەڕینیش ژمارەیان 4 هەزار و 297 کەسە.
ژنان و کچانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە هەرێمى کوردستان، واتا ئەوانەى ناویان لە لیستى موچەدا جێگیرکراوە ژمارەیان 36 هەزار و 900 کەسە، 40 هەزار و 135 کەسیش لە رەگەزى نێرن.
جگە لەو ژمارانە، بەپێى تۆمارە نوێکە 13 هەزار و 227 کەمئەندامى دیکە کە لە 2023 دا پشکنینیان بۆ کراوە، نوسراویان بۆکراوە بۆ ئەوەى بخرێنە لیسى موچە.