8 گوند ژێرئاو ده‌كه‌ون

عێراق گه‌وره‌ترین به‌نداوى دهۆك له‌ ئاكرێ دروست ده‌كات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

عێراق بڕیاریداوه‌ گه‌وره‌ترین به‌نداو له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك له‌ ئاكرێ دروست بكات، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاودێریی ئاكرێش ده‌ڵێت، به‌هۆى گه‌وره‌ییه‌كه‌ى هه‌شت گوندى سنوورى ئاكرێ به‌ر به‌نداوه‌كه‌ ده‌كه‌ون.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوى هه‌رێم بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ بریارە چوار بەنداوی گەورە لەسەر رووبارە سەرەکیەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بودجەی فیدراڵی دەست بە دروستکردنیان بکرێت ، ئه‌وانیش بریتین له‌ به‌نداوه‌كانى باکورمان، مەنداوە، تەقتەق و دەڵگە.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و رێککەوتنی نێوان وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم چوار بەنداوه‌كه‌ دەست بە دروستکردنیان بکرێت .

ره‌مه‌زان شه‌ریف، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاودێریی ئاكرێ به‌ 964ـى راگه‌یاند، به‌پێی نه‌خشه‌ و دیزاینى دروستكراو، به‌نداوه‌كه‌ به‌رزییه‌كه‌ى 112 مه‌تره‌ و له‌سه‌ر رووبه‌رى 150 هه‌زار دۆنم دروستده‌كرێت.

تا ئێستا گه‌وره‌ترین به‌نداو له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك، به‌نداوى دهۆكه‌ كه‌ به‌رزییه‌كه‌ى نزیكه‌ى 60 مه‌تره‌.

وتیشی “به‌نداوه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنوورى هه‌ر سێ قه‌زاى به‌رده‌ڕه‌ش و شێخان و ئاكرێ و 500 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو كۆگا ده‌كات”.

ئاشكراشی كرد، به‌پێی ئه‌و رووبه‌ره‌ زه‌ویه‌ى ده‌ستنیشانكراوه‌ بۆ دروستكردنى به‌نداوه‌كه‌ هه‌شت گوندى سنوورى ئاكرێ ده‌كه‌ونه‌ ژێر به‌نداوه‌كه‌ كه‌ حه‌وت گوند له‌وانه‌ كریستیان نشینن.

روونیكرده‌وه‌، پێشتر لیژنه‌یه‌كی باڵا كارى له‌سه‌ر قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌م گوندانه‌ كردووه‌، به‌ڵام له‌كاتى ده‌ستپێكردنى به‌نداوه‌كه‌ جارێكى دیكه‌ش دێنه‌وه‌ سنووره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ وردى قه‌ره‌بووه‌كانى ئه‌م گوندانه‌ لاى خۆیان تۆمار بكه‌ن و قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌.

باسی له‌وه‌ش كرد، بڕى 500 ملیۆن دۆلار بۆ دروستكردنى ئه‌م به‌نداوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقییه‌وه‌ ته‌رخانكراوه‌ و ئه‌وه‌ى ماوه‌ راده‌ستی كۆمپانیا بكرێت بۆ جێبه‌جێكردنى.

سه‌باره‌ت به‌و سه‌رچاوه‌ ئاوانه‌ى بۆ به‌نداوه‌كه‌ پشتى پێده‌به‌سترێت، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاودێریى ئاكرێ وتى، “سه‌رچاوه‌ ئاوه‌كانى چیاى گارا و ئاوى رووباره‌كانى خازر و ریێ زەر ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كیى ئاوى به‌نداوه‌كه‌”.

به‌ قسه‌ى ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌، به‌نداوه‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ى سوودی بۆ بوارى كشتوكاڵ به‌ تایبه‌تیش ده‌شتى ناوكوڕ ده‌بێت، هه‌مان كات له‌توانایدا ده‌بێت 24 میگاوات كاره‌باش به‌رهه‌م بهێنێت.

 22 هه‌زار په‌نجه‌ماسی خرانه‌ ناو به‌نداوى شه‌وگێڕ

 22 هه‌زار په‌نجه‌ماسی خرانه‌ ناو به‌نداوى شه‌وگێڕ