“ لەناو گۆم و لیتاوێک بووە “
تەرمی هاوڵاتیەکی نەناسراو لە خەبات دۆزرایەوە
+964
شۆڕش هەرکی— هەولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 23.7.2024 تەرمی هاوڵاتیەکی نەناسراو لە سنووری قەزای خەبات دۆزرایەوە و تاوەکو ئێستا ناسنامەی دیارنییە.
ئامانج محەمەد، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی خەبات بە964ی وت، ” تیمەکانی ئێمە ئاگادارکرانەوە لە هەبوونی تەرمێک لەنێو گۆم و لیتاوێک، بەڵام هیچ ئاسەواری خنکانی لەسەر نەبوو، بۆیە رادەستی هێزەئەمنییەکانی سنوورەکەمان کرد”.
ئامانج محەمەد هیچ زانیاریەکی زیاتری نەخستەڕوو، چونکە وەک خۆی وتی، وردەکاری لەلای پۆلیس و هێزەئەمنییەکانە.
هاوڵاتیەکی شایەتحاڵ کە تەرمەکەی بینیوە و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ 964 وتی،” تەرمەکە هیچ ئاسەوارێکی فیشەکی پێوەنەبووە و دەست و قاچەکانیشی بەستراونەتەوە، ئەو تەرمە لە رەگەزی نێر بووە و تەمەنی لە نێوان 20 بۆ 30 ساڵان دەبێت”.
ئەو شوێنەی تەرمەکەی لێ دۆزراوەتەوە لەگوندی مەلاعومەر بووە لەسنووری قەزای خەبات سەربەپارێزگای هەولێر.
پێداچوونەوە: هاوبەش