هۆڵی میدیا نۆژەن دەکرێتەوە
میدیازان – فەرمان سادق – هەولێر
دوای چەندین داواکاری لە مەترسی داڕمانی بنمیچی هۆڵی شانۆیەکەی، بڕیاری نۆژەنکردنەوەی هۆڵی میدیا درا.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ـی تشرینی یەکەم، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر نۆژەنکردنەوەی هۆڵی میدیای بە گوژمەی ٨٢ ملیۆن و ٨٣٠ هەزار دینار راگەیاند.
“لە ١٨ جێگای بنمیچە چینکۆیەکەی، کونی تێدا بوو، دوو لەو کونانە هێندە گەورە بوون بەقەد سولاکەیەک ئاویان پێدا دەهاتە خوارێ”
ئازاد عەزیز، بەڕێوەبەری هۆڵی میدیا بە میدیازانی راگەیاند، بنمیچی هۆڵی نمایشی شانۆییەکەی بە تەواوەتی تێکچوو بوو، مەترسی رووخانی هەبوو.
زیاتر وتی “لە ١٨ جێگای بنمیچە چینکۆیەکەی، کونی تێدا بوو، دوو لەو کونانە هێندە گەورە بوون بەقەد سولاکەیەک-ئەو رێڕەوەی ئاوی باراناوی لەسەربان پیا دێتە خوار- ئاویان پێدا دەهاتە خوارێ، لە زستانان و کاتی باران بارین کەڵکی ئەوەی نەبوو هیچ چالاکییەک لەو هۆڵە بکرێت”.
هۆڵی میدیا، لەسەر پێشناری هونەرمەند جەلال بەیار بۆ لەتیف نسەیف جاسم دلێمی، وەزیری رۆشنبیری ئەوکاتی عێراق، بڕیاری دروستکردنی درا، ساڵی ١٩٨٣ بەردی بناغەی دانراوەو ساڵی ١٩٨٥ بەڕووی هونەرمەندانی هەولێر کرایەوە.
ئازاد عەزیز، دەڵێ ماوەی چوار ساڵ زیاترە بنمیچی هۆڵەکە کە لە چینکۆو فوم دروستکراوە، دڵۆپە دەکات،وتی “ساڵ دوای ساڵیش دڵۆپەکە زیادی کرد، بۆیە هەرکاتێک پارێزگار سەردانی هۆڵی میدیای کردووە، داوام لێکردووە نۆژەنی بکاتەوە”.
نۆژەنکردنەوەی هۆڵی میدیا، لە ٢٣ـی ئەم مانگە کارەکانی دەستپێ کردووە، بڕیارە لە ماوەی ٩٠ رۆژ تەواو بێت.