لەلایەن حکومەتى عێراقەوە

289 کەس لە زیانمەندبوانی رژێمی بەعس لە کوردستان قەرەبوو دەکرێنەوە

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

بەپێی زانیاریەکانی دەستەی داواکانی موڵکداری لە کوردستان، بڕیاری قەرەبووی 289 کەس لە زیانلێکەوتوانی رژێمی بەعس دەرچووە و دوو ملیار دیناریان بەسەردا دابەش دەکرێت.

لەلایەن لیژنەیەکەوە قەبارەى زیانەکانیان دیاری دەکرێت و بەپێى قەبارەى زیانەکە قەرەبوو دەکرێنەوە

تارا ئەنوەر قەرەداغی، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی داواکانی موڵکداریى عێراق- لقى سلێمانى بە 964ـى راگەیاند، بڕیاری قەرەبووەکە دراوە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا دابەشی دەکەن.

وتیشی، “ئەو کەسانە دوای پێشکەشکردنی داواکانیان، لە لایەن لیژنەی تایبەتی دەستەکەوە بەدوادچوون بۆ داواکەیان کراوە و بڕیار لەسەر کەیسەکانیان دراوە بۆ قەرەبووکردنەوە”.

بەپێی رێنمایی دەستەکە، ئەو کەسانەی قەرەبووکردنەوە دەیانگرێتەوە، دەبێت موڵکەکە لەنێوان ساڵانی 1986 تاوەکو 1991 دەستی بەسەردا گیرابێت.

زانیاری دەستەکە کە بە 964 دراوە دەریدەخات، دەستەکە لە ساڵی 2003وە دامەزراوە و 15 هەزار و 808 داواکاریی قەرەبووکردنەوەیان بۆ هاتووە، نزیکەی سێ هەزار کەیسیش قەرەبوو کراونەتەوە.

تارا قەرەداغی وتیشی، “لیژنەکە وەجبە وەجبە لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکان دەکات و بڕیار لە قەرەبووکردنەوەکە و بڕەکەی دەدات”.

بەپێی ئاماری دەستەکە، ساڵی رابردوو هەزار و 500 کەس قەرەبوو کراونەتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

گوندەکانی ئامێدی قەرەبوو دەکرێنەوە

گوندەکانی ئامێدی قەرەبوو دەکرێنەوە