کارکردن لە پڕۆژەی ئاوەڕۆی سندوقی ناحیەی سەکەپکان وێنە: شارەوانی سەرکەپکان
بە تەواوبوونی گرفتی ئاوەڕۆیان نامێنێ
پڕۆژەی ئاوەڕۆی سندوقی سەرکەپکان گەیشتووەتە نیوە
ژێوار خدر
قۆناغی دووەمی پڕۆژەی ئاوەڕۆی سندوقی لە ناحیەی سەرکەپکانی ئیدارەی راپەڕین دەستیپێکرد، پڕۆژەکە بە سێ قۆناغ جێبەجی دەکرێت و بە تەواوبوونی گرفتی ئاوەڕۆی ناحیەکە بە تەواوی چارەسەر دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە مەولود حەمەد، سەرۆکی شارەوانیی سەرکەپکان بە 964ی وت، قۆناغی دووەمی پڕۆژەی ئاوەڕۆی سندوقی سەرکەپکان دەستیپێکرد و بڕیارە لە ماوەی دوو مانگدا تەواو بێت، پڕۆژەکە بە گوژمەی 139 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی ئاسایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی راپەڕین جێبەجێ دەکرێت.
بە پێی وتەی سەرۆکی شارەوانی، ئاوەڕۆی سندوقی بە درێژای 245 م لە گەڕەکی شێبانی ناحیەکە جێبەجێ دەکرێت، لە سەرەتای گەڕەکەکەوە دەستپێدەکات و تا نزیکی ئاوەڕۆی گۆڕستانی گەورەی سەرکەپکان درێژ دەبێتەوە.
ئەو ئاوەڕۆیە سندوقییە، کۆکردنەوەی هەموو ئاو و زێرابەکانی ناحیەی سەرکەپکان لەخۆدەگرێت، تاوەکو ئێستا %90ی گەڕەکەکانی ئەو ناحییەیە کێشەی ئاوەڕۆیان بۆ جێبەجێکراوە و بە وتەی مەولود حەمەد، دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە دەست دەکرێت بە جوانکاری و قیڕتاوکردن و کۆنکریت کردنی گەڕەکەکانی ناحیەی سەرکەپکان.
ناحیەی سەرکەپکان، یەکێکە لە چوار ناحیەی قەزای رانیە لە ئیدارەی راپەڕین، ناوەندەکەی شارۆچکەی سەرکەپکانە، ژمارەی دانیشتووانی ناحیەکە لە ساڵی 2020دا هەشت هەزار و 957 کەس بووە.