چەند كەس دادەمەزرێن؟
حكومەتی عێراق یەكەمەكان دادەمەزرێنێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
حكومەتی عێراق بڕیاری دا زیاتر لە 750 کەس لە یەکەمەکان دابمەزرێنێت بۆ كاركردن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18.7.2024 ئەنجومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق لە راگەیەندراوێكدا، كە لە پەیجی فەرمیی خۆیان لە فەیسبوك پۆستیان كردووە، ئاماژەیان بەوە كردووە لە ژێر رۆشنایی راسپاردەکانی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە 27.6.2020 و پەسندكراو، ئەنجومەنەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە دانیشتنی بە پەلەی ئەنجامدا و بڕیارێک دەرچووە بۆ دامەزراندنی زیاتر لە 750 کەس لەوانەی بڕیاری ژمارە 67 دەیانگرێتەوە لە یەكەمەكان، هەفتەی داهاتووش لیستی ناوەکان دەنێردرێت بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەنجومەن جەختی لە “بەردەوامیی پرۆسەی دابەشکردن و دەرکردنی بڕیاری دامەزراندن یەکلەدوای یەک و لە رۆژانی داهاتوودا” کردووەتەوە، هەروەها دڵنیایی دەداتە دەرچووە یەكەمەكان و ئەوانەی بڕوانامەی بەرزیان هەیە، کە بە زووترین کات دۆسیەكانیان تەواو دەكرێت.
ئەنجومەنەكە رایدەگەیەنێت، “تاکە پێوەر بۆ تەواوکردنی دۆسیەی دامەزراندنی بژاردەی کۆمەڵگا، یاسا و شایستەییە بە پێی بنەمای دەستپاکی و شەفافیەت”.