گوندی نزارە لە سنووری پێنجوێن بۆردومان كرا
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
گوندی نزارە لە سنووری قەزای پێنجوێن لە لایەن فڕۆکەی جەنگی تورکیاوە بۆردومان کرا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە 964ی راگەیاند، کاتژمێر 6:30 خولەک فڕۆکەی جەنگی تورکیا گوندی نزارەیان بۆردومان کردووە و زیانەکانیش دیار نین.
ئەو سەرچاوە وتیشی، لە کاتژمێر 2ی دوای نیوەڕۆوە درۆن چاودێریی ناوچەکانی ساڵیاوا و نزارە دەکات و دواتریش بە فرۆکەی جەنگی بۆردومانی کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی ناوچەکە مەترسی لەسەرە، هێزی ئەمنی ناچنە جێگای بۆردومانەکە.
پەیامنێری 964 لە پێنجوێن لە نزیک جێگای رووداوەکەیە و تا ئێستاش گوێبیستی دەنگی درۆن دەبن لە ناوچەکە.
کاروان فەتاح، دانیشتووی گوندی نزارە بە 964ی راگەیاند، سێ جار فڕۆکەی جەنگی نزیک گوندەکەیانی بۆردومان کردووە و دوو موشەک دراوە لە ناوچەیەک پێی دەوترێت حەبەشی و ئەوی دیکەشی لە بەرامبەر ئەوێ داوە.
وتیشی، هیچ زیانێکی نەبووە و لە دوای رووداوەکەش ئاگر نەکەوتووە و ئەو ناوچەیەش هەمان ناوچەیە، کە جاری پێشوو بۆردومان کرا، كە کەسێک کە غازفرۆش بووە، بە سوکی بریندار بوو
رۆژی 15.5.2024 گوندی نزارە بۆردومان کرا و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 دۆنم پووش و پاوان و دارستان سووتان و دوای نزیکەی 24 کاتژمێر کۆنترۆڵ کرا.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا