لاوانی عێراق له یه‌كه‌م یارییدا نه‌یبرده‌وه
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر
هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی تاجیكستان یه‌كسان بوو، تیپه‌كه كه‌مپێكی مه‌شقی له ئه‌نتاڵیا رێكخستووه.
هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی تۆپی پێی عێراق، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 23ـی كانوونی دووه‌م، له شاری ئه‌نتاڵیا له توركیا، له یارییه‌كی دۆستانه و ئاماده‌كاریدا به‌بێ گۆڵ له‌گه‌ڵ لاوانی تاجیكستان به‌رامبه‌ر بوو.
تیپه‌كه به سه‌ركردایه‌تی راهێنه‌ر عیماد محه‌مه‌د له‌وه‌ته‌ی هه‌ینیی رابردووه‌وه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌نتاڵیا و رۆژی شه‌ممه مه‌شقه‌كانیان ده‌ستپێكردووه.
هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی عێراق له به‌رنامه‌یدایه رۆژانی 26 و 29ی ئه‌م مانگه دوو یاری دیكه‌ی ئاماده‌كاری به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌كانی لاوانی قیرغیزستان و ئوردن هه‌ر له ئه‌نتاڵیا ئه‌نجام بدات.
هه‌ڵبژارده‌كه به‌شداری له كۆتاییه‌كانی جامی ئاسیا بۆ لاوان ده‌كات، كه یه‌كی ئاداری داهاتوو له ئۆزبه‌كستان ده‌ستپێده‌كات.