بەحساب چوون بۆ گەشت و سەیران
20 گەنج لەسەر کردنەوەى ئاگرێک دەستگیرکران
964+
سیروان خورشید- دوزخورماتوو.
ئەمڕۆ هەینى کە پلەکانى گەرما لەو ناوچەیە 50 پلەى سیلیزى بووە، 20 گەنج کە بۆ گەشتکردن چوونەتە گوندى خۆرنەوازانى سنوورى زینانەنە، بەڵام لەوێ ئاگریان لە پوش و پاوان بەرداوە، لەسەر ئەوە پۆلیس هەموویانى دەستگیرکردووە، بەڕێوەبەرى ناحیەش دەڵێت، لە زیندانن تا یەکلایى دەکرێتەوە کێ سووتاندویەتىز
وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زینانە بە964ـی وت، گەنجەکان ئاگریان لە پوش و پاوانى ناوچەکە بەرداوە و دواتر ئاگرەکە تەشەنەى کردووە و بۆ گوندەکانى خۆرنەوازان و گەرمگ و قەواڵى، هەر بۆیە پۆلیس چووە و هەموویانى دەستگیر کردووە.
وەک باسى دەکات، ئاگرەکە گەورە بووە و بەجۆرێک تەشەنەى کردووە کە هاوڵاتیان و تیمى ئاگرکوژێنە دواى نزیکەى هەشت کاتژمێر کۆنتڕۆڵیان کردووە.
تائیستا روون نەبووەتەوە کێ لەو 20 گەنجە ئاگرەکەى کردووەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ هەینى و سبەینێش شەممەیە و دەوام نییە، بە وتەى وەهاب ئەحمەد، رۆژانى داهاتوو دواى ئەوەى لەلایەن پۆلیسەوە روون دەبێتەوە لە زینداندا دەمێننەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح