ئێوارەى ئەمڕۆ

پێشمەرگەیەک لە زێى گەورەدا خنکا

هیڤی دێوالی-دهۆک

ئێوارەى ئەمڕۆ لە ئاوى رووبارى زێى گەورە، پێشمەرگەیەک خنکا و دواتر تەرمەکەى دەرهێنرایەوە و رەوانەى پزیشکى دادى ئامێدى کرا.

پێشمەرگەکە تەمەنى 38 ساڵە و ناوى (ب.س)، دانیشتوى کۆمەڵگەى هێتوتە لە ناحیەى دێرەلووک، خێزاندارە و باوکى سێ منداڵە.

رێباز هێتوتی کەسوکاری ئەو پێشمەرگەیە بە 964ێى وت، بە مەبەستى راوەماسى لەسەر زێى گەورە بووە و لە کاتى هەڵگرتنەوەى تۆڕى ماسیگرتندا خنکاوە.

لاى خۆیەوە، مەسعود بۆتى، جێگرى بەڕێوەبەرى تەندروستى ئامێدى قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”دواى ئاگادارکردنەوەمان لە حاڵەتێکى خنکان، تیممان نارد و تەرمەکەیان بۆ نەخۆشخانەى ئامێدى گواستەوە و ئێستاش لە پزیشکى دادییە و پشکنینى بۆ دەکرێت و دواتر رادەستى کەسوکارى دەکەینەوە”.

964دەزانێت، لەم مانگەدا ئەوە دووەم حاڵەتى خنکانە لە زێی گەورە لەسنووری قەزای ئامێدی تۆمار دەکرێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح