"ئێوە دەنگی ئێمەتان گەیاند"

پەیامنێری 964 بەدەم گرفتی ژمارەیەک خوێندکارەوە چوو تا چارەسەری کرد

ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی

لە جەند رۆژی رابردوو، ئامادەیی تابینی كچان لە پیرەمەگروون، گرفتی وەرگرتنی قوتابیانی قوتابخانەی مەبەستی بنەڕەتی هەبوو بە هۆكاری لۆد و قەرەباڵغی لەسەر قوتابخانەکەی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11.7.2024، گرفتەكەیان چارەسەر كراوە و بەشێكی زۆری قوتابیان وەرگیراون، بەڕێوەبەری پەروەردەی دوكانیش دەڵێت، “لەسۆنگەی بەرژەوەندی خوێندکاران بڕیارەکەیان گۆڕیوە”.

دوێنێ چوارشەممە 964 ئەم پرسەی وروژاند و داواکاری خوێندکار و کەسوکاریانی بە پەروەردەی دوکان گەیاند، 964 پەیوەندی بە مهاباد مستەفا، بەڕێوەبەری پەروەردەی دوكانەوە كرد سەبارەت بە چۆنیەتی گۆڕینی بڕیارەكە و وتی، “ئێمە لە سۆنگەی بەرژەوەندی قوتابیانی قوتابخانەی مەبەستی بنەڕەتی پێداچونەوەمان بە بڕیارەكەدا كردووە، هەوڵمانداوە زۆربەی قوتابیان وەربگیرێن”.

وتیشی، “بێ گومان شوێنی جوگرافی قوتابیان رۆڵ دەبینێت لە وەرگرتنیان، بڕیارەكە بەوجۆرەیە كە هەر قوتابیەك ماڵ و شوێنی نیشتەجێبونی لە ئامادەیی تابینەوە نزیك بێت وەربگیرێت”، ئەو وتیشی، “ناتوانم بەڵێنی وەرگرتنی هەموو خوێندکارەکان بدەم، بەڵام بەشێكی زۆری خوێندکارەکاان وەرگیراون” مهاباد مستەفا وای بە964 وت.

هەتاو هیوا، دایكی یەكێك لە خوێندکارەکان بە 964 ی وت، “دەستان خۆشبێت و سوپاستان دەكەین، ئێوە دەنگی ئێمەتان گەیاند، پەروەردەی دوكان بڕیارەكەی گۆڕیوەو ئەمڕۆ چوین بۆ قوتابخانەكەو بێ گرفت خوێندکارەکانمان لە ئامادەیی تابینی كچان وەرگیران”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا