سەرۆكی كۆمەڵەی كورتەباڵاكان وادەڵێت:

موچەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان و كورتە باڵاكانی كوردستان هاوتای عێراق دەكرێت

+964

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

دوای بڕیاردان لەسەر هاوتاكردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم، وابڕیارە موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و كورتە باڵاكانی كوردستانیش هاوتای عێراق بكرێت، سەرۆكی كۆمەڵەی كورتەباڵاكانی كوردستانیش دەڵێت،  بڕیارەكە لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرچووە”.

عومەر جەبار، سەرۆكی كۆمەڵەی كورتەباڵاكانی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 11.7.2024 بە 964ـی وت، “لە سەردانێكماندا بۆلای كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سەبارەت بە چۆنیەتی هاوتاكردنی موچەی خاوەن پێداوییستیە تایبەتەكان و كورتە باڵاكانی كوردستان لەگەڵ عێراق، قسەمان لەگەڵ سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد، بەڵێنی ئەوەمان وەرگرتووە كە مووچەكانمان هاوتای حكومەتی عێراق بكرێت”.

وتیشی، رێككەوتن كراوە و بڕیارەكە دراوە، لە رۆژانی داهاتوو وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم بەتایبەت سەردانی بەغداد دەكات سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبینێت، بە مەبەستی چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكە و هاوتاكردنی موچەی سەرجەم خاوەن پێداویستی تایبەتەکان و كورتە باڵاكانی كوردستان.

باسی لەوەش كرد، ئەمڕۆ كاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆ، ئەم مژدەیە و وردەكاری چۆنیەتی بڕیارەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بە سەرجەم خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان و كورتە باڵاكانی هەرێم رادەگەیەنین.

“جگە لە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم، چەند لایەنێكی دیكەش بەم ئەركە هەستاون و چەند جارێك هەوڵدراوە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە، چاوەڕێ دەكرێت دوای سەردانەكەی وەزیر، لەمانگەكانی داهاتوو بڕیارەكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە” سەرۆكی كۆمەڵەی كورتەباڵاكانی كوردستان وای بە 964 وت.

پێداچوونەوە: میدیا گۆران

هاوتاکردنی موچەی خانەنشینی لەگەڵ بەغدا پەسەند کرا

هاوتاکردنی موچەی خانەنشینی لەگەڵ بەغدا پەسەند کرا