پێنج تیمی ئاگرکوژێنەوە لەوێ بوون

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەناوچەی پیشەسازی باكوور چی روویدا؟

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

درەنگانی ئەمشەو، ئاگر لە کارگەیەکی ناوچەی پیشەسازی باكوور لە هەولێر لە كاتژمێر 2:30 کەوتەوە و لە كاتژمێر 5:00ی بەرەبەیانی كۆنترۆڵكرا، تیمەكانی بەرگری شارستانی سەرەتا لە پێشەوە هەوڵی كۆنترۆڵ كردنیان دا.

دوكاندارەكان تێكرا هاتبوون بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەکە.

پەیامنێری 964 کە ئامادەی مەیدانی هەبووە لە ناوچەکە دەڵێت، “ئەو شوێنەی سووتاوە کەلوپەلی ئۆتۆمبێلی تێدا بووە، بەتینی ئاگرەکە وایکردوو دزە بکات بۆ ناو گەراجی دواوەی كارگەكە و بەهۆیی بوونی پاشماوەی پلاستیكی زۆر وەك (دەعامی، چاملغی ئۆتۆمبێل) ئاگرەگە تەشەنەی كردووە”.

محەمەد بەغدادی كاری وایەرمەنی دەكات بۆ 964 وتی، “ئاگرەكە کاتێک گەیشتە دیواری دوكانەكەی من كۆنترۆڵ کرا، ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەكرایە زیانی گەورەی دەبوو، چونكە هەموو دوكانەكانی تر دەسووتان بەهۆیی بوونی ئیزۆگام لە دیوارەكەدا”.

دوکاندار و خەڵکی رێبواری ناوچەکە، هاوشانی تیمەکانی بەرگری شارستانی بەهەموو شێوەیەك و خۆرسکانە هەوڵی كۆنترۆڵکردن و رێگریان داوە لە تەشەنەی ئاگرەکە و چوونی بۆ دوکان و کارگەی دراوسێکانی، كە رێژەیەكی زۆری دوكان و شوێنی فرۆشتنی فیول پەمپ لە ناوچەکە هەبوون.

شاخەوان عومەر، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ی وت، “هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەكه بەهۆی، سووتانى زبڵ و خاشاك بووه، بەهۆی زۆری زبڵ و خاشاکەکەوە له كۆنتڕۆڵ دەرچووە، بۆ هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنیشی زياتر له پێنج تيممان بەشداریىان كردووه، توانراوە بەبێ زیانی گیانی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێ”.

ئەوە لە کاتێکدا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە هەولێر، “971 رووداوی جیاواز تۆمار کراون”، لەوانە 11 ئۆتۆمبێل بەهۆی فیت پەمپەوە سووتاون و بەهۆی یاری منداڵانەوە 56 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە.

ئامارەکە، بەرگری شارستانی هەولێر لە 1.1.2024 بۆ 30.6.2024 داتا و تۆماری کردووە.

پێشتر، شاخەوان عومەر، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئامارەکانیان قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لە کۆی ئەو رووداوانەی روویانداوە، لە مانگی شەش 384 حاڵەتی روودانی ئاگرکەوتنەوەیان هەبووە و زۆرترین بووە”.

لەو ژمارەیە و تەنیا لە مانگی شەشدا، ” 91 حاڵەتیان بە هۆکاری کارەبا، 131 حاڵەتیان بەهۆکاری نادیار، غاز 28 حاڵەت، کەمتەرخەمی 57 حاڵەت، جگەرە 35 حاڵەت، یاری منداڵان و ئاگرین 39 حاڵەت و بەهۆی گازەوە سێ حاڵەت” روویانداوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

لە شەش مانگدا؛ یاری منداڵان 56 رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هە...

لە شەش مانگدا؛ یاری منداڵان 56 رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هەڵگیرساندووە

هەر رۆژێک زیاتر لە پێنج رووداوى ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر...

هەر رۆژێک زیاتر لە پێنج رووداوى ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر روویانداوە