زێڕی ساختە لەکوردستان هەیە یان نا؟

سەندیکا: بێخەم بن نیمانە

میدیازان – مەریەم ئەحمەد – هەولێر

+فۆتۆ w ڤیدیۆ 

سەندیکای زێڕینگران، رەتی دەکاتەوە زێڕی ساختە لە بازاڕەکانی کوردستان هەبێت و دەڵێ، لەگەڵ تورکیاو دوبەیش رێککەوتنیان هەیە پێش هاوردەکردنی پشکینی بۆ زێڕەکە دەکرێت، بەڵام نایشارنەوە لە بەغداو شارەکانی تری عێراق ساختەکاری تێدا دەکرێت.

 دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دەستکاری کردنی کوالێتی زێڕو کەمکردنەوەی عەیارەکەی لە ٢١ بۆ کەمترو فرۆشتنەوەی بە عەیار ٢١، پەیامنێری میدیازان بەدواداچوونی بۆ کردووە، سەندیکای زێڕینگرانی کوردستانیش دەڵێ، زێڕی ساختە لە بازاڕی کوردستان نیە.

 هەندرێن ئەحمەد، وتەبێژ و ئەندامی دەستەی کارگێڕی سەندیکای زێڕینگرانی کوردستان بە میدیازانی راگەیاند، چوار ساڵە کۆنتڕۆڵی بازاڕی زێڕینگرانی هەولێرو کوردستانیش کراوە، وتی “لەو کاتەوەی شەش زێڕینگر لەهەولێر لەسەر ساختەکردنی زێڕ دەستگیر کران و مۆڵەتی زێڕینگرییان لێ سەندرایەوە، هیچ حالەتێکی تر رووی نەداوە”.

 ‎لای خۆیەوە دانا وەرتێی، زێڕینگر لەبازاڕی قەیسەی هەولێر بە میدیازانی وت “ئەو دەنگۆیە هی دووسال پێش ئێستایە، ئەو كارگانەی زێڕیان تێدا ساختە دەکرا، داخران”.

“ئەو دەنگۆیە هی دووسال پێش ئێستایە، ئەو كارگانەی زێڕیان تێدا ساختە دەکرا، داخران”

 وتەبێژی سەندیکای زێڕینگران باسی لەوەشکرد کە رێککەوتنیان لەگەڵ سەندیکای زێڕینگرانی ئیستانبوڵ و دوبەی هەیە، هەر زێڕێک لە تورکیاو ئیماڕات بکڕدرێت و بێت بۆ کوردستان، دەبێت مۆری ئەوانی بەسەرەوە بێت، وتی “کە مۆری ئەوانی پێوە بێت ئەوا جێی متمانەی ئێمەیە”.

وتەبێژی سەندیکا، ئاشکرای دەکات کە مەترسی هەرە گەورەی زێڕی ساختە لە موسڵ و بەغدایە، وتی “زێڕی ساختەی ئەوانمان دەستبەسەر گرتووە، دەرکەوتووە کە مۆری عەیار ٢١ـی بەسەرەوەیە، بەڵام خۆی عەیار ٢٠ یان ١٩ـیە”.

زێڕ وەک کانزایەک، عەیاری ٢٤ـە، ئەو زێڕە بەهۆی ناسکیکەیەوە بەکەڵکی دروستکردنی ئێکسسوارات نایەت، بۆیە وەک دانا وەرتی، روونی دەکاتەوە بڕێک مادەی سفری تێکەڵ دەکرێت، بەمەش ئەو جۆرەی کە بڕێکی کەمی تێدەکرێت عەیاری دەبێتە ٢١، ئەوەیشی زۆرتری تێدەکرێت ئەوا عەیارەکەی دەبێتە ١٨، وتی “چەندە سفری زیاتر بێت، ئەوا نرخەکەی هەرزان تر دەبێت”.

 لەبارەی جیاوازی نیوان نرخی زێڕی خەلیجی و تورکی لەگەڵ عێراقی، هەندرێن ئەحمەد دەڵێ، ئەوەی جیاوازییەکەی دروستکردووە شێوازی دیزاین و قالبەکانیانە، لەگەڵ ئەمەشدا خەرجی گەیشتنی بە کوردستانیش، فاکتەرێکی تری گرانی زێڕی تورکی و خەلیجییە.

بازاڕی زێڕینگرانی هەولێر لەناو قەیسەری / ڤیدیۆ میدیازان