داوا دەکەن حکومەت بێتە سەر خەت

شۆفێرانی بارھەڵگری مەرزی پەروێز خان مانیان گرتووە

+964
میلاد جەلال – گەرمیان

شۆفێرانی ھێڵی جنوبی لە مەرزی پەروێزخان ماوەی ھەفتەیەکە مانیان گرتووە، ئەمڕۆ یەکشەممەش لەسەر رێگای پەروێزخان بۆ خانەقین گردبوونەتەوە و دەڵێن بارەکانمان دەدرێت بە ھێڵی شیمالی.

شۆفێرەکانی ھێڵی جنوبی له‌ مەرزی پەروێزخان ژمارەیان نزیکەی 240 شۆفێرە، لە مەرزی پەروێزخانەوە بار بۆ ناوچەکانی خوارووی عێراق دەگوازنەوە.

سەباح ئەحمەد، شۆفێرێکی بارھەڵگرە لە ھێڵی جنوبیی مەرزی پەروێزخان بە 964ى وت، “پێشتر لەگەڵ ئیدارەی مەرزەکە رێکەوتن کراوە، کە بارھەڵگرە فلاتەکانی ھێڵی شیمالی لە بازگەی سەوزبڵاغ نەیەنە ئەمدیوەوه‌، بەڵام ئێستا بار دەھێننە سنووری ئێمەش”.

“داواکارییەکەی ئێمە تەنیا گەڕاندنەوەی مافی خۆمانە، فلاتی ھێڵی شیمالی بار بۆ کوردستان ببەن و ئێمەش وه‌ك ھێڵی جنوبی، بار بۆ خوارووی عێراق ببەین، بارەکانی ئێمە نەدرێت بە فلاتی شیمالی، “سەباح ئەحمەد وای وت.

گۆران محەمەد، یەکێکیترە لەو شۆفێرانەی بۆ 964 باسی لەوە کرد، “ماوەی ھەفتەیە ھیچ بارێکمان نەگواستووەتەوە، تا کێشەکەشمان چارەسەر نەکرێت ناگەڕێینەوە مەرزەکە و بارەکان ناگوازینەوە”.

عەباس ئیسماعیل، بەڕێوەبەری مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بە 964ى وت، “تا بازگەی باوە مەحمود سنووری ھێڵی شیمالیە، لەگەڵ نوێنەرانی ھەردوولا کۆبووینەتەوە و نوێنەرانی ھێڵی جنوبی واژۆیان کردووە و ڕازیبوونە کە تا سەوزبڵاغ فلاتی ھێڵی شیمالی بار بگوازنەوە”.

“رێگری لە ھیچ بارھەڵگرێکی ھێڵی جنوبی ناکرێت کە بار بۆ خانەقین و ناوچەکانی دیكەی خوارووی عێراق بگوازنەوە، بۆ بەرزکردنەوەی نرخی ھێڵەکانیشیان چەند کەسێک لە بەرژەوەندی خۆیان ئەم کێشەیان دروست کردووە”، عەباس ئیسماعیل وای وت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا