''هێشتا خوێنەکە وشک نەبووەتەوە''

سوپای عێراقی نیەتی لە تۆپزاوا هێناوە و چالاکوانەکانیش ناهێڵن

+964

کاروان ساڵحی – کەرکوک

هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی سوپای عێراق تۆپزاوا بکەتەوە بە سەربازگە، ژمارەیەک چالاکوانیش چوونەتە ئەوێ و دەڵێن کاری لەم شێوە هەر رێی تێناچێت، تاکە چارە ئەوەیە بکرێتە مۆنۆمێنتی ئەنفال.

تۆپزاوا، سەربازگەیەکی کۆنی سوپای عێراق بوو، لە ساڵانی هەشتاکان کوردە ئەنفالکراوەکان لەوێ مۆڵ کران، هەندێکیان هەر لەوێ گیانیان بەخشی، ئەوانی تر یاخود بۆ نوگرە سەلمان بەڕێکران یان بە بیابان سپێردران.

ئەمڕۆ یەکشەممە 07.07.2024 ژمارەیەک چالاکوان و خەڵکی گوندەکە لە دەوری سەربازگەکە کۆبوونەوە و لەسەر لافیتەکانی دەستیان بە عەرەبی نووسرابوو ”داوا دەکەین سەربازگەی تۆپزاوا بکرێتە مۆنۆمێنت و مۆزەخانەی قوربانیانی ئەنفال”.
حەسەن بارام نووسەرێکی دیارە لە بواری جینۆساید و چەندین ساڵە لەو بوارەدا دەنووسێت، ئەمڕۆ لەگەڵ تیمەکە لای تۆپزاوا بوو، بە 964ی وت ”هێشتا خوێنی شەهیدەکانمان وشک نەبووەتەوە و سوپای عێراق دەیەوێت ئێرە بکاتەوە بە سەربازگە، ئێمەش هاتووین داوا بکەین بکرێتە مۆنۆمێنت، چالاکی تریشمان دەبێت”.
سەربازگەی تۆپزاوا دەکەوێتە گوندی تۆپزاوا لە ناحیەی یایچی سنووری باشوری خۆرئاوای کەرکوک، تەواوی دانیشتووانی گوندەکە کوردن.
ئەنجومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی رژێمی بەعس لە ساڵی 1975دا بە بڕیاری 369، تەواوی زەوییەكانی گوندی تۆپزاوای لە جوتیارانی كورد سەندەوە و موڵكدارێتیەكەی خستە سەر وەزارەتی بەرگری، كە دواتر لەسەر نزیكەی 30 دۆنم لە زەوییەكان، كە موڵكی چوار جوتیاری كوردن، سەربازگەی تۆپزاوا بنیادنرا.
ئەم سەربازگەیە لە ناوەڕاستی ساڵی 1981 دەستكراوە بە دروستكردنی و لە سەرەتای ساڵی 1982 بیناكەی تەواو بووە، كە پێكهاتووە لە 24 هۆڵی گەورە لەگەڵ چەندین ژووری بچوك و هەروەها ژووری تایبەت بە فەرماندەكان و میوانخانە و چێشتخانە و ژووری حەوانەوەی فەرماندە سەربازییەكانی رژێمی پێشوو.
ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری مێژووی ئەنفالن دەڵێن، سەروو 20 هەزار کەس لە کاتی ئەنفال لێرە کۆکراونەتەوە، لە پاش ساڵی 2003ەوە چەندین جار تەرمی ئەنفالکراوان لەم دەوروبەرە دۆزراونەتەوە.

جووتیارێکی گوندی تۆپزاوا: سوپای عێراق ناهێڵێت دروێنە ب...

جووتیارێکی گوندی تۆپزاوا: سوپای عێراق ناهێڵێت دروێنە بکەین