لە ماوەى 45 رۆژدا بچنە شارەوانى
ئاگادارییەک بۆ خاوەن زەوییە سندوقییەکانى سۆران
964+
وریا فەتاح
شارەوانى سۆران داوا لەو خاوەن زەویانە دەکات کە لەلایەن لیژنەى باڵاى بەناوکردنى زەوى سندوقى رەزامەندیان وەرگرتووە، لە ماوەى 45 رۆژدا سەردانیان بکەن.
زەوی سندووقی، ئەو زەوییانەن کە چەپ و راستی بەشێوەی زێدەڕۆ کراون بە خانوو، بەڵام تائێستا رێگە نەدراوە زەوییە سندووقیەكە بکرێتە خانوو
سەلوا شۆرۆ، سەرۆکى شارەوانى سۆران بە 964ـى وت، ئاگادارییەکە بۆ ئەو کەسانەیە کە لەلایەن لیژنەى باڵاى بەناوکردنى زەوییە سندوقییەکان رەزامەندیان بۆ دەرچووە کە مامەڵەى زەوییەکانیان بکەن و ژمارەیان سەروو 70 کەسە.
رونیشى کردەوە، بڕیارەکە لە بەرژەوەندى خەڵکە و ماوەى 45 رۆژ دیاریکراوە کە بەدواداچوون بۆ فایلەکانیان بکەن و رێنماییەکانیان جێبەجێ بکەن، بە پێچەوانەوە مامەڵەکەیان دواى ئەو ماوەیەى دیاریکراوە هەڵدەوەشێتەوە.
ئەو روونیکردەوە، هەموو ئەو خاوەن زەویە سندوقیانەى رەزامەندى لیژنەکەیان وەرگرتووە، پێویستە پارەى تاپۆکردن بخەوێنن و مامەڵەکانیان لە دروستکردنى خانوو یان تاپۆکردن دەستپێبکەن.
“هەرچەندە ئەو کەسانەى کە پێویستیانە زوو بە دەم ئیشەکەیانەوە دێن و مامەڵەکانیان رایى دەکەن، بەڵام ئەوانەى سەردانى شارەوانى ناکەن و بەدەم ئیشەکانیانەوە نایەن ئەو کەسانەن کە زەوی سندوقیان هەیە و کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکەن، بەڵام دەبێت بزانن دواى 45 رۆژ مامەڵەکانیان بۆ جێبەجێ ناکرێت”، سەرۆکى شارەوانى واى وت.
نرخى بەناوکردنى زەوى سندوقى 10%ـى کۆى نرخى زەوییەکەى تێدەچێت، واتا ئەگەر زەوییەک نرخەکەى 10 هەزار دۆلار بێت بۆ بەناوکردى دەبێت خاوەنەکەى 1000 دۆلار بدات