بوو به‌ 28 رۆژ و نه‌دۆزرایه‌وه‌

له‌ سۆران داواده‌كرێت به‌ كۆمه‌ڵ به‌دواى (مه‌ریه‌م) دا بگه‌ڕێن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماوه‌ى 28 رۆژه‌، ئه‌و كچه‌ 14 ساڵییه‌ى له‌ سنوورى باڵه‌كایه‌تى ئیداره‌ى سۆران  ونبوبوو، نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌، به‌رگرى شارستانیش داواده‌كات به‌شێوه‌ى كۆمه‌ڵ به‌دوایدا بگه‌ڕێن ده‌شڵێت، له‌ساڵانى رابردوو رووداوێكی هاوشێوه‌یان هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌ى مانگێكدا دۆزیویه‌تیانه‌وه‌.

رۆژى 6.6.2024 كچه‌ مێردمنداڵێكى ته‌مه‌ن  14 ساڵان به‌ناوى (مه‌ریه‌م) لە کەرکوکەوە، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا بۆ گەشت و سه‌یران چوبوونه‌ گوندى ئێنێ لە سنووری چۆمان بۆ ئێواره‌كه‌ى دیار نامێنێت، هه‌ندێك ده‌ڵێن كه‌وتووه‌ته‌ ناو رووبار خنكاوه‌، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن بێسه‌روشوێن بووه‌،  وه‌ك باسكرا مه‌ریه‌م  ناکامەیه‌.

رائید ره‌وه‌ند هاودیانى، وته‌بێژى به‌رگرى شارستانى سۆران، به‌ 964ـى راگه‌یاند، گه‌ڕانى تیمه‌كان بۆ ئه‌و كچ به‌وشێوازه‌ به‌س نیه‌ بۆیه‌ داوایان كردووه‌ هاوڵاتیانى باڵه‌كایه‌تى هاوكاریان بن و به‌شێوه‌ى كۆمه‌ڵ به‌دواى ئه‌م كچه‌دا بگه‌ڕێن.

وتیشی “كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا نازاندرێت ئه‌م كچه‌ خنكاوه‌ یاخود له‌ وشكانیدا ونبووه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ شێوازى گه‌ڕانه‌كان له‌ تیمه‌وه‌ بكه‌ینه‌ به‌كۆمه‌ڵ”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، به‌هۆى ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى باڵه‌كایه‌تى شاره‌زای سنووره‌كه‌یانن و هه‌ندێك ناوچه‌ى باڵه‌كایه‌تیش تا ئێستا مین و ته‌قه‌مه‌نی لێیه‌، بۆیه‌ داواكارییه‌كه‌ ئاڕاسته‌ى ئه‌وان ده‌كرێت.

باسی له‌وه‌شكرد، له‌ ساڵانى پێشوو ته‌نیا یه‌ك حاڵه‌تى له‌وشێوه‌یه‌ هه‌بووه‌ كه‌ دره‌نگ دۆزرابێته‌وه‌، ئه‌ویش ته‌رمى منداڵێكى به‌ره‌گه‌ز عه‌ره‌ب بوو دواى یه‌ك مانگ گه‌ڕان به‌دواییدا تیمه‌كانین دۆزییانه‌وه‌ ئه‌ویش به‌هۆى به‌ركه‌وتنى به‌ دار و به‌ردى ناو ئاوه‌كه‌ به‌شێكی جه‌سته‌ى نه‌مابوو.