دوو ساڵە لەزاخۆ پرۆژە ناوەستێ
میدیازان – شڤان عەبدولڵا – زاخۆ
رووبەری دوو کیلۆمەتر لە دەوروبەری پردی دەلال لە زاخۆ دەکرێت بە شوێنێکی سەرنجراکێشی گەشتیاری، 12 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
پڕۆژەکە پێك دێت لە پارك و مۆزەخانە و شوێنی دانیشتن و شوێنی ئۆتۆمبێل بۆ گەشتیاران و خەڵكی زاخۆ، لەگەڵ بەنداوێكی تایبەت.
ماوەی چوار مانگە کارکردن لە پرۆژەکەدا دەستیپێکردووە و بەبەردەوامی رۆژانە ٦٠ بۆ ٧٠ کرێکار، ئەندازیارو و شۆفێر بە ٢٥ ئامێرەوە کاری تێدا دەکەن.
وا بڕیارە بەدەر لەو چوار پۆندەى کە لە بەشی جیاوازى رووباری خابوور هەن پۆندێکی دیکە دروست بکرێت، حکومەتی هەرێم دەڵێت بەهۆی ئەم پۆندەوە “ئاستى ئاوى رووبارەکە و ئاوى ژێر زەویش زیاتر دەکات… بەرزبوونەوەى ئاستی ئاوەکەش، وا دەکات کە بە ئاسانی پاک بکرێتەوە.”
شڤان عەبدی، بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە میدیازانی وت، پڕۆژەكە قیرکردن، چاندنی سەوزایی، راکێشانی هێڵی کارەبا و چەندنین کاری دیکە دەگرێتەوە.
چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ بە میدیازانی وت، “ئەو پرۆژانە دەبنە هۆی پاراستنی کولتور و ناسنامەی شارەکە و سەرنجی گەشتیارێکی زۆر رادەکێشێت.”
بەشێوەیەکی گشتى لە ساڵی رابردووەوە زیاتر لە ٩٠ ملیار دینار بۆ پڕۆژە جیاجیاكانی زاخۆ خەرجكراوە بۆ قیرتاوكردن و چاككردن و فراوانکردنی ڕێگاوبانەکان و پرۆژە گەشتیارییەکان و دروستکردنى مۆزەخانە.
جگە لە پرۆژەکەی پردی دەلال، لە ئێستاد حکومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی دروستکردنی شەقامێکی ٣٠ مەترییە.