لای خۆمان 31 حاجی گیانیان لەدەستدا
سعودییە ئەو کەسانەی دەستگیرکرد کە هۆکاربوون بۆ گیان لەدەستدانی حاجییەکان
964+
ژوورى هەواڵ
دەستەی چاودێری و بنەبڕکردنی گەندەڵی لە عەرەبستانی سعودییە رایگەیاند دانە دانە بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە لەوەرزی حەجی ئەمساڵدا ساختەچێتییان کردووەو حاجیان بە قاچاغ داغڵکردووەو هۆکاربوون بۆ گیان لەدەستدانیان، تائێستا 155 کەسیان دەستگیرکردووە.
سعودییە ئاگای لێبووە کە هەندێ لە فەرمانبەرەکانی دەوڵەت بە پارە کارئاسانییان بۆ هەندێ حاجی کردووەو نۆرەبڕێیان بۆ کردوون، بۆیە لێکۆڵینەوە لە 382 کەس کراوە کە فەرمانبەرن لە وەزارەتەکانی ناوخۆو دادو فێرکردن و تەندروستی و کاروباری شارەوانی و نیشتەجێکردن و بازرگانی و گواستنەوەو رۆشنبیری لەگەڵ دەستەی زەکات و باج و گومرگ.
لەناو ئەمانەدا 155 دانەیان کاری لابەلایان کردووە لە وەرگرتنی بەرتیل و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و ساختەچێتی و سپیکردنەوەی پارە، تیایاندایە بە کەفالەت ئازادکراوەو ئەوانی تریش خراونەتە زیندانەوە.
سعودییە پێشتر وتبووی بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە حاجی قاچاغیان بردووەتە وڵاتەکەوە، چونکە بەشێک لەوانە هۆکاربوون لە گیانلەدەستدانی حاجییەکان.
رەشبگیرى حاجیانى قاچاغ دەستیپێکردووە
بەپێی ئامارەکانی سعودییە، ئەمساڵ 1300 کەس لەکاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەج گیانیان لەدەستداوە، زۆربەیان ئەوانە بوون کە مۆڵەتی بەجێهێنانی حەجیان نەبووە، چونکە لەگەڵ ئەو گەرما زۆرەدا دەستیان نەگەیشتووە بە خزمەتگوزارییە گرنگەکانی وەک پاسی گواستنەوەو چادرو فێنککەرەوە.
زۆربەی هەرە زۆری ئەوانە لە حاجییەکانی میسر بوون، چونکە ئەو وڵاتە 658 حاجی لێ مرد، 630 دانەیان لەوانە بوون کە بەقاچاغ چووبوون.
لای خۆمان 31 حاجی گیانیان لەدەستدا، وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت 29 لەوانە ئەو حاجیانە بوون کە بە ڤیزای ساڵانە رۆیشتبوون و تەنیا دوانیان بە فەرمی و لەرێگای وەزارەتی ئەوقافەوە چووبوون.
ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 4685 کەس حەجیان بوو بە نسیب، ئەمانە ئەوانەن کە بە فەرمی ئەوقاف ناردوونی، بەڵام پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف لە کاتی گەڕانەوەی حاجییەکان وتی نزیکەی 15 هەزار کەسی دیکە لە هەرێمی کوردستان بە رێگای جۆراوجۆرو لەدەرەوەی رێوشوێنەکانی ئەوقاف چوونەتە حەج