گه‌ڕه‌كێك خزمەتی ته‌ندروستى بۆ دەگەڕێته‌وه
مەڵبەندی تەندروستیی شەهیدان لە قەڵادزێ نۆژەندەکرێتەوە
+964
محەمەد عەلی ــ قەڵادزێ
به‌رپرسانى ته‌ندروستى راپه‌ڕین ده‌ڵێن، بیناى مه‌ڵبه‌ندى ته‌ندروستى شه‌هیدان له قه‌ڵادزێ بەهۆی کۆنی و خراپییه‌وه، چه‌ند ساڵێكه نه‌تواندراوه به‌كاربهێندرێت و بۆیه كار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ده‌كه‌ن.
ماوه‌یه‌كه ره‌زامه‌ندى دارایی بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى دەرچووە و ئێستاش لە پڕۆسەی تهندەرین دایە.
ئەندازیار عەبدولقادر ر‌سوڵ، لێپرسراوی بەشی ئەندازەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین بە 964ـی وت، بینایەکە زۆر خراپ بوو دیوارەکانی درزی دابوو کاشیەکانی بەردەبونەوە، بۆیە پێشتر ده‌وامى تێدا راگیرابوو.
وتیشی “هاوڵاتیانی گەڕەکی شەهیدان به‌ناچارى سەردانی مەڵبەنده تەندروستییهكانى دیكه‌یان له‌قه‌ڵادزێ ده‌كرد، به‌ڵام بە نۆژەنکردنەوەى چیتر ئەم رێگا دوورە نابڕن و دەتوانن سەردانی ئەو مەڵبەندە تەندروستیە بکەن بەمەستی چارەسەری نەخۆشیەکانیان”.
له‌و ماوه‌یه‌ى بنكه ته‌ندروستییه‌كه داخرابوو، بنکه‌یەکی پۆلیس له‌و بینایه به‌شێوه‌یه‌كی كاتى جێگیر کرابوو، به‌ڵام پێیان وتبوون هەرکات کاریان بەو بینایە هەبوو پێویسته چۆڵی بکەن.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه، ئەو بنکەیەی پۆلیس کە لەوبینایەدا دەوام دەکەن چۆڵی دەکەن و لەئایندەیەکی نزیکدا ده‌ست به نۆژەنکردنهوهى ده‌كرێت و ستافی نوێش بۆ مه‌ڵبه‌نده ته‌ندروستییه‌كه داده‌ندرێت.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن